گالەری

08-02-2024
9 Photos

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێوڕەسمێکی قەرەباڵخدا، تەرمی ئەبو باقر ساعدی، ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵڵای عێراقی کە شەوی رابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج، برایەوە لای کەسوکارەکەی و بڕیارە بە خاک بسپێردرێت.
 
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکەی بەغدا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا-سێنتکۆم بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، هێرشێکی یەکلایەنەیان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان، لە هێرشەکەدا سەرکردەیەکی حیزبوڵڵا کراوەتە ئامانج کە بەرپرسیار بووە لە هێرشەکانی سەر ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئەمریکا، تووڕەیی گرووپەکانی حەشدی شەعبی زیاتر کرد و لە یەکەم کاردانەوەدا، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لەسەر رێبازەکەیان و وەڵامی هەموو هەڕەشەکان دەدەنەوە.
 
لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵای عێراقی، دەیان چەکداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بە جلوبەرگی تایبەتەوە بەشداربوون.
 
هێرشەکە نیگەرانیی لایەنی حکومیشی لێکەوەتەوە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی کرد و رایگەیاند، "ئەمە تیرۆرکردنێکی روونە و دەبێتە هۆی تێکچوونی تێگەیشتن و گفتوگۆی دووقۆڵی."
 
یەحیا رەسوول گوتی، "ئەمریکا بەم هێرشە سەروەریی عێراقی پێشێل کرد و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بووە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیریی عێراق." هۆشداریدا "ئەم هێرشە وا دەکات عێراق پەلە بکات لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.