یەحیا رەسوول لەبارەی هێرشەکەی بەغدا: وا دەکات عێراق پەلە بکات لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

08-02-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای عێراقی لە بەغدا دەکات و دەڵێت، "ئەمە تیرۆرکردنێکی روونە و دەبێتە هۆی تێکچوونی تێگەیشتن و گفتوگۆی دووقۆڵی."
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-2-2024، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار و نابەرپرسانە، هەموو ئەو کارانە دەکەن، کە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دووقۆڵی تێکدەدات. هێزە ئەمریکییەکان تیرۆرکردنێکی ئاشکرایان لە گەڕەکێکی نیشتەجێبوون ئەنجامدا."
 
ئەم راگەیێندراوەی یەحیا رەسوول لەکاتێکدایە، دوێنێ شەو (چوارشەممە) ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی لە بەغدا کرایە ئامانج، زۆری نەبرد کوژرانی فەرماندەکە پشتڕاستکرایەوە.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "ئەمریکا بەم هێرشە سەرەوەریی عێراقی پێشێلکرد و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بووە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیریی عێراق." یەحیا رەسوول هۆشداریدا کە "ئەم هێرشە وا دەکات عێراق پەلە بکات لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی."
 
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکەی ناوچەی مەشتەل لە بەغدا، ئەمریکا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا-سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کاژێر 9:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی 7ـی شوبات، فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بەرپرسیاریێتی راستەوخۆی لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەبووە، کوژراوە. تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ زەرەر و زیان و قوربانییانی مەدەنی نییە."
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا لە رێگەی ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتی، کوژرانی ئەبوباقری بە "شەهیدبوونی سەرکردەی گەورە" ناوبرد و رایگەیاند، "بەبۆنەی شەهیدبوونی سەرکردەی گەورە ویسام محەممەد سابر (ئەبو باقر ساعیدی) بەهۆی بۆردوومانێکی هێزەکانی داگیرکەر لە بەغدا و بەرزبوونەوەی بۆ بەهەشت بۆ ئەوەی بگاتە ئەبو عەبدوڵڵا حوسەین، پیرۆزبایی لە گەلی ئیسلامی و عێراقی دەکەین."
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە کاردانەوەی هێرشەکەدا گوتی، "بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا نادیدەگرتن و سووکایەتیی ئەمریکایە بە عێراق بە حکومەت و گەل، روونە ئەم نادیدەگرتن و سووکایەتییەش ناوەستێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
 
خەزعەلی باسی لەوەشکرد ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، حکومەت هەنگاوی ئەرێنیی ناوە و گرووپەکانی بەرگری "مقاوەمە" پابەندبوونە بە هێورکردنەوەی دۆخەکە. 
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە بەهێزترین گرووپە چەکدارییەکانی نێو عێراق، ساڵی 2003 دامەزرا، ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی بوو.
 
ئەو هێزە بە کوشتنی دەیان سەربازی ئەمریکی لە عێراق تۆمەتبار دەکرێن. ساڵی 2009 لە لایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێنکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بەرگریی عێراق خولى ئەفسەران دەکاتەوە؛ 'پێشمەرگە دەتوانێت بەشدار بێت'

وەزارەتى بەرگریى عێراق خولێکى ئەفسەران بۆ دەرچووانى زانکۆ لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکاتەوە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پێشمەرگەش دەتوانن بەشدار بن".