بەغدا و واشنتن گفتوگۆی پەیوەست بە داهاتووی هاوپەیمانان لە عێراق دەستپێدەکەنەوە

08-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەکانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەستپێدەکات.
 
لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا رایگەیاند، "بۆ تاوتوێکردن و دانانی خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 11ـی شوباتی 2024، لیژنەی دوو قۆڵیی سەربازیی تەکنیکیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەنەوە."
 
رۆژی شەممە، 27ـی كانوونی دووەم؛ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی گفتوگۆی دوو قۆڵیی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریكای كرد کە تایبەتە بە گوتوبێژەکانی تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
 
هاوکات، لەسەر هەمان پرس، جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بابەتەکەوە ئاشکرایکرد: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوبات، لە بەغدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەست بە گفتوگۆی گرووپەکانی سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی دەکاتەوە."
 
هەروەها دەشڵێت: "چاومان لەوەیە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەست بە گفتوگۆی سەربازی - سەربازی بکەینەوە، لە کاتێکدا کە ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونمان لە ئەرکی هاوبەشمان بۆ لەنێوبردنی داعش دەکەین، هەروەها گۆڕانی داهاتووی ئەرکەکەمان تاوتوێ دەکەین."
 
هەرچەندە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 10ـی حوزەیرانی 2014 و لە دوای هێرشەکانی داعش لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتوونەتە عێراقەوە، ئێستا گفتوگۆکانی نێوان لیژنەیەکی سەربازیی دوو قۆڵیی باڵاش بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە.
 
داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەلایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارییەکانی شیعە و لایەنە سیاسییەکانیشیان نوێ نییە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر بووە. 
 
لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، واتە 10 رۆژ لە دوای جەنگی غەززەوە، گرووپە چەکدارە عێراقی، سووری، لوبنانی و یەمەنییەکان، کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمە" دەناسێنن، هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکردووە. لەو کاتەوە لانیکەم 169 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باشووری کوردستان، سووریا، رۆژئاوای کوردستان و ئوردن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت