ناکۆکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێگرن لە بەردەم پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە. دەشڵێت، "ناکۆکیی نێوان لایەنەکان لەبارەی ئەو دوو پۆستەوە وایکردووە لە هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێی دوابکەوین."
 
پارێزگای دیالە یەکێکە لەو سێ پارێزگایەی تاوەکو ئێستا چارەنووسی حکومەتە خۆجێیەکانیان یەکلایی نەکردووە و هەڵبژاردنیان بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی و پارێزگار و جێگرەکانی نەکردووە، لەگەڵ پارێزگاکانی کەرکووک و مەیسان کە ئەوانیش کێشەیان تێدایە.
 
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت" بۆ ئامادەبوونی رێژەی یاسایی بۆ  کۆبوونەوە پێویستمان بە نۆ ئەندامە، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە نەکرا، بۆیە دیسانەوە کۆبوونەوەکە دواخرا."
 
دەشڵێت، "لەسەر پۆستەکان ناکۆکیی لەنێوان فراکسیۆنەکان هەیە، هۆکاری سەرەکیش هەندێک جیابوونەوە و چوونە پاڵی یەکتر کە لەلایەن ئەندامانەوە روویداوە و وایکردووە ژمارەی ئەندامانی فراکسیۆنەکان بگۆڕێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەهۆی نەبوونی رێژەی بەردەستی ئامادەبوون نەیتوانی کۆببێتەوە و دانیشتەکە بە کراوەیی مایەوە، ناکۆکیی نێوان هێزەکانی سوننە و شیعە و پەرتەوازەبوونی شیعەکان لەنێوخۆیاندا دوو هۆکاری سەرەکیی رێکنەکەوتنی لایەنەکانن.
 
ناکۆکیی سەرەکی لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی دیالەتونا لەلایەک و هاوپەیمانی ئیستیحقاقی دیالە و عەزمی عێراق لەلایەکی دیکە و دابەشبوونی بەشێک لە ئەندامانی دیکە بەسەر ئەو دوو بەرە کە جگە لە عەزمی عێراق هەموویان هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین.
 
ناکۆکییەکە وایکردووە ئاڕاستەیەک لەنێو بەشێک لە شیعەکان بۆ هێشتنەوەی موسەنا تمێمی، پارێزگاری ئێستا دروستبێت، بەڵام ئەوە چاوەڕوانی رێککەوتنی هادی عامری و نووری مالیکییە، سونەکانیش (هاوپەیمانی سەروەرەیی و تەقەدوم) کە خاوەنی پێنج کورسییى دەیانەوێت پۆستی پارێزگار بۆ سونەکان بێت.
 
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە قسەکانیدا روونیکردەوە: "چەند کەسێک بەربرژێرن بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە، لەنێویاندا پارێزگاری ئێستا، هەروەها هاوپەیمانی دیالەتونا دەیەوێت پارێزگار لەوان بێت، هەروەها هاوپەیمانی تەقەدومیش دەیەوێت نزار لهێبی، ببێت بە پاریزگار، عەزمیش هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات."
 
ئەوەشی گوت" چاوەڕوانین رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پۆستەکانەوە بکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکرێت و دوای هەڵبژاردن ئەنجوومەنی پارێزگا کارەکانی بکات.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەمشێوەیە بوون:
 
- هاوپەیمانی دیالەتونا، لە دەوڵەتی یاسا و عەقدی نیشتمانی و چەند هێزێکی دیکەی شیعە پێکدێت: 4 کورسی
- هاوپەیمانی سیادە، بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر: 3 کورسی
- هاوپەیمانی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی: 3 کورسی
- هاوپەیمانی"ئیستیحقاقی دیالە"، هادی عامری و عەسائیبی ئەهلی حەق: 2 کورسی
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان: 1 کورسی
- هاوپەیمانی عەزمی عێراق بەسەرپکایەتی موسەنا سامەڕایی: 1 کورسی
- هاوپیەمانی ئەساسی عێراقی، بەسەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی: 1 کورسی 
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.