پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوا کێشە دەخاتە نێوان سوننە و شیعەکان

08-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی پێش و پاشخستنی بڕگەکانی کارنامەی تایبەت بە هەڵبژاردنی جێگرانی یەکەم و دووەمی پارێزگاری نەینەوا لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنەوە، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و نەینەوای یەکگرتوو، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگایان بایکۆتکرد و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لە هەوڵدان ئەمشەو جێگرانی پارێزگار هەڵبژێردرێت.
 
د. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە و جێهێشتنی کۆبوونەوەکە لەلایەن فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، بڕیاربوو یەکەمجار جێگری یەکەمی پارێزگار و دواتر جێگری دووەمی پارێزگار هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەحمەد حاسود، سەرۆکی ئەنجوومەن لە دانیشتنەکە گوتی، یەکەمجار هەڵبژاردن بۆ جێگری دووەم و دواتر بۆ یەکەم دەکرێت، بۆیە ئێمەش ناڕازی بووین و لەگەڵ فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو هاتینە دەرەوە."
 
ئەو دوو هاوپەیمانێتییەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنیان بەجێهێشت (نەینەوای یەکگرتوو 13 کورسی، پارتی 4 کورسی) لەکۆی 29 کورسی، 17 کورسیی ئەنجوومەن پێکدەهێنن.
 
هەرچەندە پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار کێشەی لەسەر نییە و بۆ کورد یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام کێشە لەسەر جێگری دووەمی پارێزگارە. ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا روونی کردەوە "پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ کورد و پارتی یەکلایی بووەتەوە کە سیروان رۆژبەیانییە، هەرچی جێگری دووەمە لەنێوان سوننەکان و شیعە ناکۆکیی لەسەرە، ئێستا سوننەکانیش بەربژێرێکی دیکەشیان بۆ زیادبووە، واتە سێ بەربژێر بۆ ئەو پۆستە هەن."
 
ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پۆستی جێگری دووەمی پارێزگای نەینەوا هەریەک لە مەروان ئەلزێدان، لە پارتی تەقەدووم، د. عومەر حەیالی کە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، هەروەها سەبهان حەدیدییش کە سوننەیە، بەربژێرن، بۆیە کێشە هەیە.
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو، 5ـی شوباتی 2024، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا. و ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران، بەڵام هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگار دواخرا. 
 
 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسیی هەیە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی، هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی و سیادە 3 کورسی و هاوپەیمانی تەقەدووم 2 کورسی، حەسمی نیشتمانی 2 کورسی، هاوپەیمانی حەدبا 2 کورسی هەویەی وەتەنی 2 کورسی، ئتیحاد ئەهل نەینەوا 2 کورسی، عەزمی عێراق، حیزبی وەتەنی تەجدید یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی و کریستیان تەرخانکرابوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت