خەزعەلی: هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و پێویستە لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
قەیس خەزعەلی رایدەگەیێنێت، هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سکاڵا تۆمار بکات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024) قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە کاردانەوەی هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلی شاری بەغدا رایگەیاند، "بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا نادیدەگرتن و سووکایەتی ئەمریکایە بە عێراق بە حکومەت و گەل، روونە ئەم نادیدەگرتن و سووکایەتییەش ناوەستێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
قەیس خەزعەلی، جەخت لەوەدەکاتەوە "روونە؛ سەرکۆنەکردن بەس نییە، پێویستە عێراق بە فەرمی سکاڵا پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات و، تێیدا داوای کشانەوەی دەستبەجێی هێزی بیانی بکات."
هەروەها دەڵێت، دەبێت عێراق رێکاری کردەیی جێبەجێ بکات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریکردن لە خۆی لە دژی هەر هێرشێکی دەرەکی.
شەوی چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024 ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی لە بەغدا کرایە ئامانج، زۆری نەبرد کوژرانی فەرماندەکە پشتڕاستکرایەوە.
خەزعەلی باسی لەوەش کرد ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، حکومەت هەنگاوی ئەرێنیی ناوە و گرووپەکانی بەرگری "مقاوەمە" پابەندبوونە بە هێورکردنەوەی دۆخەکە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند و گوتی "فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بەرپرسیاریێتی راستەوخۆی لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەبووە، کوژراوە. تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ زەرەر و زیان و قوربانییانی مەدەنی نییە."