سوودانی لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر: بەبێ پاساو بوو
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی مانگی رابردووی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر رایگەیاند بە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیان گوتووە، راستە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران مێژووییە، بەڵام ئەوە پاساو نییە بۆ دەستدرێژییەکە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی هێرشەکەی 15ـی مانگی رابردووی سەر هەولێر کە ئێران بە مووشەک هێرشی کرد و چەند شوێنێکی کردە ئامانج لەنێویاندا ماڵی پێشڕەو دزەیی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە دەڵێت: "لەلایەن وڵاتانی دراوسێەوە هێرش کراوەتە سەر عێراق و بە پاساو بووە، پاساوەکە هەرچییەک بێت، رەتکراوەیە چونکە ئەوەی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسا لەنێو خاکی عێراق؛ حکومەتی عێراقە، بەپێی دەستوور و یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان وایە، ناکرێت هیچ وڵاتێک رەفتار و وەڵامدانەوەی تاکلایەنانە بکات، ئەمە رەتکراوەیە، ناکرێت سازش لەسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق لەگەڵ هەر لایەنێک بکەین پەیوەندییەکانمان هەرچۆنێک بێت لەگەڵیدا، ئەمە بەهاکانمانن."
دەشڵێت "بە راوێژکاری ئاسایشی ئەمنی ئێرانمان راگەیاند و روونکردەوە کە پەیوەندیی مێژوویمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام ئەوە پاساو نادات بۆ ئەو دەستدرێژییەی کرا، ئەگەر مەترسی و تێبینی ئەمنی هەبێت لەرێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە دەکرێت، لێژنەی ئەمنیی هاوبەشمان هەیە و باسی ئەو پرسانە دەکەن."
کاژێر 23:30ـی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوانەی گیانیان لەدەستدا سەرجەمیان لە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر بوون، کە سەرجەمیان مەدەنی بوون و پێکهاتوون لە : پێشڕەو دزەیی، کچە تەمەن 11 مانگەکەی، هاوڕێیەکی بازرگانی لەگەڵ دایەنی کچەکەی.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی دوایین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر قائیم و عەکاشات لە پارێزگای ئەنبار گوتی "هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوومان بۆ رەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمدواییە هەیە، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا دژ بە پێگەیەکی فەرمیی یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکان کردی و نزیکەی 17 شەهید و 18 برینداری لێکەوتەوە، بەداخەوەی دەستدرێژییەکی تاوانکارییانە و رەتکراوە و پێشێلکردنی سەروەری بوو، جگە لەوە دەستدرێژی بوو بۆ ناوەڕۆکی رێگەپێدانی یاساییبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق."
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد حکومەت رێگەپێدراوە بۆ وتوێژکردن لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان بۆ دەرچوونیان لە عێراق.
سەبارەت بە کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سوودانی گوتی "هەڵوێستی فەرمیی خۆمان و تەنانەت هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش راگەیاندووە؛ دژی ئەو دەستدرێژییانەین کە دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی عێراق کە راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان تێدایە، ئەوە رەتکراوەیە."
دەشڵێت "ئەوە تەنیا راگەیێندراو نییە، بەڵکو حکومەت رێکاری گرتووەتەبەر، زۆر هەوڵیشی بۆ کردنە ئامانجی ئەو بنکانە لەباربردووە، هەندێک لەو کەسانەشمان دەستگیرکردوون کە هۆکار بوون، بۆیە تەنیا راگەیێندراو و هەڵوێستی بەفەرمی راگەیێندراو نەبووە، بەڵکو یاسامان جێبەجێکردووە."