عێراق
گرافیکێکی رووداو کە چەند دیمەنێکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لۆگۆکانیان و غەززە تێیدا تێکەڵکراوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای غەززە، شەڕ یەمەن، لوبنان و سووریای گرتەوە، هۆکاری سەرەکیی پەڕینەوەی پڕیشکی ئاگرەکە لە غەززەوە بۆ ئەو وڵاتانە، بوونی ئەو گرووپە چەکدارانە بوون کە ئێران پاڵپشتیی دەکردن و ئەوانیش پاڵپشتیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییان دەکرد.
بەشێکی ئەو گرووپانە بە نزیکەیی نەماون، وەکو گرووپەکان لە سووریا، بەشێکیشیان لاوازکراون، وەکو حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، ئێستا ئەگەرەکانی پەڕینەوەی پریشکی ئاگرەکە بۆ عێراق، لە هەموو کاتێک زیاترە، چونکە چەندین "گرووپی وەلائی" لە عێراقدا هەن.
لە عێراق، جگە لە سوپای عێراق، حەشدی شەعبیش هەیە، هەرچەندە حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق وەکو هێزێکی یاسایی دەنگی پێدراوە، بەڵام گرووپی دیکەی چەکدار هەن کە پەیڕەوی یاسا ناکەن.
حەشدی شەعبی گرووپی جیاوازی چەکدارین و لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە پێکهاتووە، ژمارەیان زیاتر لە 150 هەزار چەکدارە، بەشێکیان سەر بە مەرجەعیەت و بەشێکی دیکەیان بە نزیک لە ئێران دادەنرێن و بە حەشدی وەلائی ناودەبرێن.
مەترسیی گرووپە چەکدارەکان بۆ دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە عێراق
جەبار یاوەر، پێشتر و بە دیاریکراوی لە سەردەمی شەڕی داعش، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بووە، ئێستاش وەکو پسپۆڕێکی ئەمنی و سەربازی قسە بۆ میدیا دەکات.
ئەو، لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارانەوە کە پابەندی یاسا نابن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو هەڕەشەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەر لاساریی ئەو گرووپانەن کە پێشتر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و باکووری ئیسرائیلیان دەکردە ئامانج، ئەو گرووپانە تەنانەت هەولێریشیان کردووەتە ئامانج، بۆیە ئەوانە هەڕەشە و مەترسین لەسەر داهاتووی عێراق."
هاوکات سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە عێراق گرووپی لەیاسادەرچوو هەن، هیچ پابەندی دەستوور و بڕیارەکانی حکومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نین، ئەگەر هەڵنەوەشێنرێنەوە داهاتوویان باش نابێت و دەبنە کێشە بۆ عێراقیش."
"ئەگەر جڵەوگیر نەکرێن، دەکرێنە ئامانج"
ئەو گرووپانە کە بە وەلائی ناسراون، لە رابردوودا لەنێوخۆی عێراق دا؛ هاوپەیمانان، هێزەکانی ئەمریکا، فڕۆکەخانەی هەولێر، بنکەی ئاسمانیی هەریر و تەنانەت ئیسرائیلیشیان کردووەتە ئامانج.
جەبار یاوەر دەڵێت "دەبێ جڵەوبکرێن و واز لە لاساری بهێنن، ئەگەر وانەکەن خۆیان دەکرێنە ئامانج، وەک چۆن پێشتر کۆمەڵێکیان کرانە ئامانج و چەند سەرکردەیەکیشیان کوژران."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ئەمنی و سەربازییە، رەنگە گرووپە چەکدارەکان ئەمجارە ببنە ئامانجی ئیسرائیلیش. "ئەمە رووبدات، دەبنە هۆی ناسەقامگیری بۆ عێراق، ئەوە رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتیش تێکدەدا."
عێراق وەکو یەمەن و لوبنانی بەسەردێت؟
حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، دوو دیارترین گرووپی چەکدار بوون کە پاڵپشتیی حەماسیان دەکرد و دژی ئیسرائیل دەوەستانەوە، ئەمە رەوشێکی ناجێگیری لەو دوو وڵاتە دروستکردووە، چونکە ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر پێگەکانیان.
سەگڤان سندی دەڵێ "هەرچەندە گرووپەکانی عێراق نزیکی ئێرانن و وەلائین، بەڵام بڕواناکەم عێراق وەکو یەمەنی لێبێت، ئەم قسەیەش بەو واتایە نایەت کە مەترسییان نییە."
بە بڕوای جەبار یاوەر، عێراق وەکو سووریا، لوبنان و یەمەنی بەسەردا نایەت. "چونکە یەکەم: عێراق بۆ ئەمریکا پێگەیەکی ستراتیژی هەیە و رێککەوتنی ستراتیژیشیان هەیە. دووەم: عێراق ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ ئەمریکا، چونکە لە کەنداوە و دراوسێی سعودیە، سووریا و ئوردنە کە جێی بایەخی رۆژئاوان."
گوتیشی "ئەگەر گرووپەکان وازنەهێنن، خۆیان و فەرماندەکانیان بە ئامانج دەگیرێن نەوەک عێراق بە گشتی."
گرووپە وەلائییەکان کێن؟
کۆمەڵە گرووپێکی چەکدارن، لە عێراق چالاکن و عێراقین، بەڵام وابەستەی ئێرانن. دیارترین گرووپەکان ئەمانەن:
کەتائیبی حیزبوڵڵا:
گرووپێکی چەکداری شیعەیە و ساڵی 2003 دامەزراوە. ئەحمەد حەمداوی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیە کە ساڵی 2020 شوێنی ئەبوو مەهدی موهەندیسی گرتەوە. ئەم گرووپە 30 هەزار چەکداری هەیە.
لە بەغدا و باشووری عێراق چالاکە. هەروەها لە لیستی تیرۆری ئەمریکایە.
عەسایبی ئەهلی حەق:
گرووپێکی دیکەی چەکداری شیعەیە کە ساڵی 2006 لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە دامەزرا. گرووپەکە نزیکەی 10 هەزار چەکداری هەیە و لە نێوەڕاست و باشووری عێراق چالاکن.
سەرکردەکەی لەلایەن ئەمریکاوە داواکراوە و گرووپەکەش لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە.
بزووتنەوەی نوجەبا:
یەکێکی دیکەیە لە گرووپە چەکدارە شیعەکان کە ساڵی 2013 دامەزراوە. ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گرووپەکەیە و ژمارەی چەکدارەکانی نزیکەی 10 هەزار چەکدارە.
گرووپەکە لە عێراق چالاکە و لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
کەتائیبی سەیدوشوهەدا:
گرووپێکی دیکەی چەکداری شیعەیە و ساڵی 2013 دامەزراوە. ئەبوو عەلی وەلائی ئەمینداریەتی. ژمارەی چەکدارەکانی نزیکەی 10 هەزار چەکدارە.
لە عێراق چالاکە و لە لیستی تیرۆری ئەمریکایە.
ئەنساروڵڵا ئەوفیا:
ساڵی 2013 گرووپێکی دیکە بەناوی ئەنساروڵڵا ئەوفیا دروستکرا. بەرپرسەکەی حەیدەر مەزهەر مالیکە. گرووپەکە لە عێراق چالاکە و ژمارەی چەکدارەکانیشی نزیکەی 11 هەزارە.
ئەمریکا ئەم گرووپەشی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
رێکخراوی بەدر:
یەکێکی دیکەیە لە گرووپە چەکدارەکان و ساڵی 1982 دامەزرێندراوە. هادی عامری سەرۆکیانە. ژمارەی چەکدارەکانی نزیکەی 15 هەزار چەکدارە و لە عێراق چالاکن.
هەرچەندە لەنێو گرووپەکانی سەرەوەدا نییە، بەڵام ئەم گرووپەش نزیکی ئێرانە.
هەڵوێستی سیستانی لەبارەی حەشدی شەعبی
یاسین تەها، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای کاروباری عێراقە. لەبارەی هەڵوێستی سیستانی لەسەر حەشدی شەعبی بە رووداوی گوت "سیستانی هەرگیز ناوی حەشدی نەبردووە، وەکو خۆبەخش ناوی بردوون بۆ هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان. دروستکردنی ئەو هێزەش [حەشدی شەعبی] وەکو تەفسیری فتوای سستانی بووە، ئەمەش دەکاتە بەکارهێنانی فتوایەک بۆ خۆیان [سەرکردەکانی حەشدی شەعبی]."
یاسین تەها دەڵێت "سیستانی ناتوانێت حەشد هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام پشگیریشی ناکات و بێدەنگە. لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان و باڵیۆزەکان گوتوویەتی: دەبێ چەک بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، واتە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانە."
"سوودانی نایەوێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا"
سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکارێکی ناسراوی ئێرانییە. لەبارەی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی [چوارشەممە 8.1.2025] بۆ تاران قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
زیباکەلام گوتی ''پەیامی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران ئەوە بووە؛ نایانەوێت وەکو رابردوو عێراق بکرێتە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەڵکو دەیانەوێت ئێران رێز لە یەکپارچەیی و سەقامگریی عێراق بگرێت.''
سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ تاران لەکاتێکدایە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، سوودانی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، عێراق ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئاوەدانکردنەوەی سووریا.
سادق زیباکەلام پێیوایە رووداوەکانی ئەمدواییەی سووریا، گۆڕانکاریان بەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و تاراندا هێناوە و گوتی ''راستە ئەمڕۆ بەڕێز پزیشکیان گوتی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە باشترین دۆخدایە، بەڵام ئەوە زیاتر پێداهەڵدانە و بۆ پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو."
سەگڤان سندیش دەڵێت "سەرۆکوەزیران [محەممەد شیاع سوودانی] هەوڵی زۆری داوە بەتایبەت لەگەڵ شیعەکان، بەڵام تائێستا ئەنجامی دیار نییە." مەبەستی ئەو بۆ چارەسەرکردنی گرووپە وەلائییەکانە.
جەبار یاوەریش، هەمان قسەی سەگڤان سندی دووپات دەکاتەوە. "سوودانی هەوڵی زۆر جیدی لەگەڵ گرووپەکان دەدات و بۆ ئەوەش سەردانی ئێرانی کردووە."
"پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا زۆر باش نین"
دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، جیا لە کەرتی غەززە، شەڕێکی فراوان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، لوبنان و یەمەن دەستیپێکرد، کە ناوە ناوە هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل. سوپای ئەو وڵاتەش بە هێرشی مووشەکی و بۆردوومان وەڵامی دەدانەوە، بەڵام بەهۆی بەشێکی هێزە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبییەوە کە چەندینجار بە درۆن و مووشەک بەشدار بوون لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەگەری تێوەگلانی عێراقیش لە شەڕەکەدا هەیە.
بە گوتەی سادق زیباکەلام، "ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران زۆر باش نین، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، پێدەچێت داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سووریا و تەنانەت عێراقیش زۆر لەگەڵ هەبوونی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا نەبن، کە لە رابردوودا هەیبوو.''
سادق زیباکەلام دەڵێت "هێزە شەڕکەڕەکانی شیعەی عێراقیش هەستیان بەوە کردووە لەوانەیە ناچار بن بە پەیوەندییە زۆر نزیک و دۆستانەکەیان لەگەڵ تاران دا بچنەوە."
"حەشدی شەعبی ناتوانێت پشت بە تاران ببەستێت"
سادق زیبا کەلام ئاماژە بە ئامانجێکی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئێران دەکات و دەڵێت: "دەیەوێت کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکار بێت و دەسەڵاتی خۆی لەنێو حەشدی شەعبی بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی تێیان بگەیێنێت دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا روویاندا، حەشدی شەعبی ناتوانێت وەکو رابردوو پشت بە ئێران ببەستێت.''
هەروەها دەڵێت ''ئەوەی سوودانی دەیەوێت، ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو رابردوو پێداگر نەبێت کە هێزێکی چەکداری سەربەخۆ لە حکومەتی عێراق، بەناوی حەشدی شەعبی هەبێت.''
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لەبارەی ئەگەری قبووڵکردنی ئێران بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی گوتی ''ناکرێت بە ئاسانی چەک بکرێن و هەڵبووەشێندرێنەوە، بەڵکو پێموایە دەبێت ئەم پرۆسەیە هەنگاو بە هەنگاو رووبدات و هێزە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی، ئەوانەی پێداگرن لەسەر چەکداربوونیان، بچنە نێو سوپای نیشتمانیی عێراق و ئەوانەی دیکەیش چەک دابنێن و هەوڵ بدەن لە بواری سیاسییەوە لە عێراق چالاکی بکەن.''
خامنەیی: دەبێت زیاتر لە جاران گرنگی بە حەشدی شەعبی بدرێت
پێچەوانەی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان، بەدیاریکراوی پێچەوانەی خواستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە ئەگەری شەڕ، رێبەری ئێران دەڵێت ''حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق و دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگیی پێبدرێت."
ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی نووسیویەتی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەرەپێدانی ئاوەدانی و پاراستنی ئاسایشی عێراق، دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە و رایگەیاندووە، ''هەرچەندە عێراق ئاوەدانتر بێت و ئاسایشی زیاتر بپارێزرێت، لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.''
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لە دیدارەکەدا خامنەیی باسی لە حەشدی شەعبی وەکو ''پێکهاتەیەکی گرنگی هێز لە عێراق'' کردووە و بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە ''دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی حەشدی شەعبی، زیاتر لە رابردوو گرنگی پێبدرێت.''
عەلی خامنەیی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ''نایاسایی و پێچەوانەی بەرژەوەندیی خەڵک و حکومەت''ـی وڵاتەکە دەزانێت و دەڵێت، ''بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن ئەمریکاییەکان هەوڵی پەرەپێدانی مانەوە و سەقامگیربوونیان لە عێراق دەدەن کە دەبێت بەتووندی پێشی ئەم داگیرکارییە بگیرێت.''
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە سووریا کرد کە ''رۆڵی وڵاتانی دەرەکی (بێگانە) تێیاندا بە تەواوی دەبینرێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ