رووداو دیجیتاڵ
بەغدا جگە لە پارەی مووچە، 1.2 تریلیۆن دیناری دیکەی وەک خەرجی لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار کردووە؛ زۆربەی بە نەختینە نەناردووە.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، بۆ خەرجى و داهاتى 10 مانگى 2024، یەک تریلیۆن و 240 ملیار و 139 ملیۆن و 355 هەزار دیناری وەک خەرجی لە پشکى هەرێمى کوردستان دیاری کردووە، بەڵام بەپێچەوانەى پارەى مووچە؛ ئەو بڕە پارەیە بە کاش بۆ هەرێمى کوردستان نەنێردراوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان بە رووداوى گوت: "جگە لە مووچە، بەشێکى ئەو پارەیەی دیکە بە نەخت بۆ هەرێمى کوردستان نەنێردراوە و تەنیا لە خشتەی خەرجى هەژمار کراوە".
لەو 1.2 تریلیۆن دینارە، 251 ملیار و 699 ملیۆن و 449 هەزار دینارى بۆ پێداویستیی خزمەتگوزارى دیاریکراوە، 285 ملیار و 134 ملیۆن و 528 هەزار دینار وەک پێداویستیی شتومەک، 130 ملیار دینار و 825 ملیۆن و 557 هەزار دینار وەک خەرجى چاککردنەوە، 485 ملیار و 831 ملیۆن و 378 هەزار دینار وەک کۆمەک و سوودى بانکى، 86 ملیار و 648 ملیۆن و 443 هەزار دیناریش وەک خەرجى سەرمایە دیاریکراوە.
رووداو زانیویێتى بەشێک لەو 1.2 تریلیۆن دینارە، لە برى پارەى پشکى دیکەیە کە دراوەتە هەرێمى کوردستان، لەوانە پارەى پشکى دەرمانی نێردراو بۆ هەرێمى کوردستان، پارەى ساڵانەى شایستەى دارایی گەنمى جووتیاران.
پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى 2024ى عێراق زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار بوو، بە گوێرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو بڕە پارەیە بەغدا 10.7 تریلیۆن دینارى ناردووە، بەڵام بە پێى خشتەکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، لە 10 مانگدا، 10.9 تریلیۆن دینارى وەک خەرجى لەسەر هەرێمى کوردستان هەژمار کردووە.
بڕى 800 ملیار دینارى پارەى مووچەی ساڵی 2024 بە هەڵپەسێردراوى لە نێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە، هەرێمى کوردستان دەڵێت، ماوە بنێردرێت و حکومەتى فیدراڵیش دەڵێت، تەرخانکراوى دارایی نەماوە بۆ مووچە.
لە 20 تریلیۆن دینارى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان، ئەوەى پەیوەندیدارە بە مووچەوە، 11.5 تریلیۆن دینارە، لە سێ مانگى رابردوودا بەغدا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 72 ملیار دینارى دیکەى بۆ مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەم ناردووە، کە بەتێکڕا زیاتر لە 10 تریلیۆن و 732 ملیار دینارى بۆ مووچە ناردووە.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان بە رووداوی گوت: "ساڵی رابردوو عێراق بە نزیکەیی مووچەی 10 مانگی رەوانە کردووە، بەڵام ساڵی رابردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنانمان بۆ خەرج نەکرا."
لەکۆى زیاتر لە 4.9 تریلیۆن دینارى بودجەى وەرهێنان، وەزارەتى دارایی فیدراڵ، تەنیا 86 ملیار دینارى وەک خەرجى سەرمایە بۆ هەرێمى کوردستان خەرج کردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەغدا بە پاساوی ئەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی رادەست نەکردووە، بەشێک لە پارەکەی نەناردووە.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و بازرگانى و پیشەسازى لە پەرلەمانى عێراق، بە رووداوى گوت: "بۆ شەش مانگى کۆتایی ئەم ساڵ مانگانە وەزارەتى دارایی فیدراڵ، نزیکەى 200 ملیار دینارى وەک داهات لەسەر هەرێمى کوردستان هەژمار کردووە و ئەو پارەیەشی لە مووچەى سێ مانگى کۆتایی بڕیوە".
پار، هەرێمى کوردستان بە پێنج گوژمە، 399 ملیار دینارى وەک داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ