خامنەیی بۆ سوودانی: دەبێت زیاتر لە جاران گرنگی بە حەشدی شەعبی بدرێت

رووداو دیجیتاڵ

رێبەری ئێران دەڵێت، پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانیی عێراق لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە، گوتیشی، ''حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق و دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگی پێبدرێت.''
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 08-01-2025) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەلی خامنەیی رێبەری وڵاتەکە کۆبووەوە.
 
ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی لەبارەی دیدارەکەدا نووسیویێتی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەرەپێدانی ئاوەدانی و پاراستنی ئاسایشی عێراق، دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە و رایگەیاندووە، ''هەرچەندە عێراق ئاوەدانتر بێت و ئاسایشی زیاتر بپارێزرێت، لەبەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.''
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لە دیدارەکەدا خامنەیی باسی لە حەشدی شەعبی وەکو ''پێکهاتەیەکی گرنگی هێز لە عێراق'' کردووە و بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە ''دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی حەشدی شەعبی، زیاتر لە رابردوو گرنگی پێ بدرێت.''
 
عەلی خامنەیی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ''نایاسایی و پێچەوانەی بەرژەوەندیی خەڵک و حکومەت''ـی وڵاتەکە دەزانێت و دەڵێت ''بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن؛ ئەمریکاییەکان هەوڵی پەرەپێدانی مانەوە و سەقامگیربوونیان لە عێراق دەدەن کە دەبێت بەتووندی پێش بەم داگیرکارییە بگیرێت.''
 
سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران لەکاتێکدایە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا. هەر بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە سووریا کرد کە، ''رۆڵی وڵاتانی دەرەکی (بێگانە) تێیاندا بە تەواوی دەبینرێت.''
 
هاوکات محەممەد شیاع سوودانی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانەکەوە رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندیی هەردوو وڵات و کارکردنە بۆ پەرەپێدان بە هاوکارییەکان بە مەبەستی بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
 
لەبارەی دۆخی سووریاوە سوودانی پێیوایە، سەقامگیریی سووریا کلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە، بۆیە داوای چارەسەری سیاسیی دۆخی سووریای کرد، بە شێوەیەک سەروەری و یەکێتیی خاکی سووریا بپارێزێت، سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی دابنرێت، کە زیان بە بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا دەگەیێنێت.