لە 12 ملیۆن دۆنم زەوی لە نەینەوا تەنیا 1.2 ملیۆنی خراوەتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 12 ملیۆن دۆنم زەوی لە پارێزگای نەینەوا، تەنیا یەک ملیۆن و 200 هەزاری خراوەتە پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵەوە. ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ئەوانەی زەوییەکانیان نەخراوەتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە، گەنمیان لێ وەرناگیرێت.
 
لە سنووری پارێزگای نەینەوا 12 ملیۆن دۆنم زەوی بۆ کشتوکاڵ هەیە، بەڵام تەنیا 7 ملیۆنی بەکەڵکی کشتوکاڵ دێت و ئەوی دیکە پێویستی بە چاککردنە، لەوانەش گەیاندنی ئاو و لێدانی بیر.
 
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ چوارشەممە 08-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەو 7 ملیۆن دۆنمە، ساڵانە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دەکرێتە گەنم، یەک ملیۆنی دیکە دەکرێتە جۆ؛ ئەوی دیکەش بۆ چاندنی بەروبوومی دیکە بەکاردێت.
 
لە سنووری پارێزگای نەینەوا، نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەویی کورد هەیە.
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، "ئەم ساڵ لە نەینەوا تەنیا یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی خراوەتە بەرنامەی کشتوکاڵییەوە."
 
ئەحمەد دووبەردانی هۆکارەکەی بۆ کۆمەڵێک رێکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گەڕاندەوە، لەوانە "داواکردنی بەرایی زەوییە کشتوکاڵییەکان، لە کاتێکدا بەرایی زەوییەکانی هۆبەی کشتوکاڵی مەخموور و شنگال لەکاتی هێرشی داعش لە ساڵی 2024دا سووتان و ئەوەش گرفتی دروستکردووە، چونکە جووتیاران ناتوانن بەرایی زەوییەکانیان پێشکێش بکەن. بەوەش زەوییەکانیان نەخراونەتە پلانی کشتوکاڵییەوە."
 
هۆکاری دووەم، وەکو دووبەردانی ئاماژەی بۆ دەکات، ئەوەیە کە بەشێک لە زەوییەکانی ناوچەی مادەی 140، لەوانە زەوییەکانی فائیدە، شێخان، رەبیعە و سحێلا تاپۆکەیان لەسەر دهۆک تۆمار کراوە و بەشێکی زەوی لە مەخموور لەسەر هەولێر تۆمار کراوە. وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش تەنیا ئەو زەوییانە تۆمار دەکات کە تاپۆکەیان سەر بە پارێزگای نەینەوایە، نەوەک پارێزگایەکی دیکە.
 
جگە لەوەش وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق داوا دەکات، خاوەن زەوی خۆی ئامادە بێت لەکاتی پێشکێشکردنی داواکاری تۆمارکردن، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی زەوییەکانیان بەناوە، کۆچی دواییان کردووە بەناوی باوک و باپیرانیانە، ئەوەش گرفتی گەورەی دروست کردووە.
 
بەو شێوەش ئێستا تەنیا ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لە نەینەوا لە پلانی کشتوکاڵی تۆمار کراوە.
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە فەرمی داوای لە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا کرد هەموو زەوییەکان بخاتە نێو بەرنامەی پلانی کشتوکاڵی، بەڵام ئەوە پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەوبارەوە هەوڵەکان خراونەتەگەڕ و نووسراویش بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە