رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، کە رۆژی 05-01-2025 بڵاویکردەوە، سوودانی لە سەردانەکەیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتیی بەهێزکردنیان تاوتوێ دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پێشهاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
رۆژی 31ی کانوونی یەکەمی 2024 ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق "لە چوارچێوەی راوێژە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و عێراقە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گفتوگۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە."
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی مانگی رابردوو، ئەمە یەکەمجارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێران دەکات.
عێراق و ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی، ئابووری و بازرگانییان لەنێواندایە و ساڵانە بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات چەندین جار لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە 11ی ئەیلوولی 2024 سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و سێ رۆژ مایەوە، پزیشکیان لەو سێ رۆژەدا سەردانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، نەجەف، کەربەلا و بەسرەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ