سوودانی داوای دەستپێلەکارکێشانەوەی ئەوانە دەکات لە ئاگری نەخۆشخانەکەی دیوانیە کەمتەرخەم بوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی رووداوی سووتانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی پارێزگای دیوانیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندیی بە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری دیوانیەوە کرد و داوایکرد دەستپێلەکارکێشانەوە بۆ ئەو بەرپرسانە بکرێت، کە کەمتەرخەم بوون لە رووداوەکە.
 
دوای ئاگرکەوتنەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، کە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی پارێزگای دیوانیە کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندیی بە ساڵح مەهدی حەسناوی ، وەزیری تەندروستی و مەیسەم عەبدولئیلاه، پارێزگاری دیوانیەوە کرد و داوایکرد دەستپێلەکارکێشانەوە بۆ ئەو بەرپرسانە بکرێت، کە کەمتەرخەمن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیە.
 
جگە لەوە وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە: "داوایکردووە ئەو کۆمپانیایەی نەخۆشخانەکەی نۆژەنکردووەتەوە رەوانەی لێکۆڵینەوە بکرێت."
شەوی دووشەممە، 8-1-2024، نوئاس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆکارێک کە هێشتا روون نەبووەتەوە ئاگر لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیە لە پارێزگای دیوانیە کەوتەوە، بەهۆیەوە شوێنی فڕێدان و کۆکردنەوەی پاشماوەی نەخۆشخانەکە بەخێرایی گڕی گرت و دوای گەیشتە نێو نەخۆشخانەکە، دوای ماوەیەک تیمەکانمان توانییان ئاگرەکە کۆنترڕۆڵ بکەن."
 
بەپێی ئاماری مانگی سووری عێراق، چوار منداڵ کە لە نەخۆشخانەکە خەوێندرابوون، گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، یەکێک لەوان ئەفسەرێکی پۆلیسی پارێزگەکەیە کە بۆ رووداو قسەی کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 20 منداڵ لە بەشی نەبەکامەکان تووشی هەناسەتووندی بوونەتەوە، چونکە دووکەڵی ئاگرەکە چووەتە سنگیانەوە، بە دڵنیاییەوە یەکێک لە منداڵەکان کە تەمەنی ناگاتە 9 مانگ گیانی لەدەستداوە."
 
بەهۆی رووداوەکەوە، شەوی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەم ساڵح مەهدی حەسناوی گەیشتە پارێزگای دیوانیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە.