رووداو - هەولێر
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە عێراق وەڵامی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بداتەوە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق لە توویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر رایگەیاند "ئێران یەکەمین وەڵامی کوشتنی قاسم سولەیمانی دایەوە، ئێستاش کاتی ئەوەیە عێراق وەڵامی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بداتەوە".
قەیس خەزعەلی دەڵێت "عێراقییەکان خاوەن کەسانی ئازا و بەغیرەتن، وەڵامدانەوەشیان کەمتر نابێت لە قەبارەی وەڵامەکەی ئێران، ئەمەش بەڵێنە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020 سوپای پاسداران 15 مووشەکی ئاراستەی دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق کردووە، 10 مووشەکیان ئاراستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە عێراق کراون، مووشەکێکیشیان ئاراستەی هەولێر کراوە و مووشەکێکی دیکەشیان لەنزیک بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتووەتە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ