هادی عامری: قەوارەی زایۆنیزم پڕۆژەیەکی گوماناوی لە سووریا و ناوچەکە بەڕێوەدەبات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر دەڵێت، "ئیسرائیل پڕۆژەیەکی گوماناوی لە سووریا و تەواوی ناوچەکە بەڕێوەدەبات." ئاماژە بەوەش دەکات "ئەگەر عێراق لە پێشهاتەکانی سووریا هەڵوێستی نەبێت باجی گەورە دەدات."
ئەمڕۆ (شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024) هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، لە فێستیڤاڵی 'رۆڵەی موجاهیدەکان' کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی سووریا و رایگەیاند، "ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت، پیلانگێڕیی تورکی – زایۆنیزمە بەپشتیوانیی ئەمریکا."
هەروەها گوتی "قەوارەی زایۆنیزم پرۆژەیەکی گوماناوی لە سووریا و تەواوی ناوچەکە بەڕێوەدەبات. بۆیە پێویستە عێراق هەڵوێستی لەبارەی رووداوەکانی سووریا هەبێت. بەپێچەوانەوە باجێکی گەورە و قورس دەدەین."
ئاماژەی بەوەشدا ئەوەی لە سووریا روودەدات 'هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق' و گوتی "ئەگەر ئاسایشی نیشتمانیمان رووبەڕووی هەڕەشە بووەوە، پێویستە دەستوەردان بکەین و لە سووریا بەشداری شەڕ بکەین. هێرشکردن باشترین ئامرازی بەرگری لەخۆکردنە. ناکرێت لە بەغداوە دەستەوەستان چاودێریی پێشهاتەکان بکەین."
هادی عامری لە گوتارەکەیدا هێرشی تووندی کردە سەر تورکیا و رایگەیاند، بانگەشەی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی غەززە، دوورە لە راستی، بەپێچەوانەوە هەمیشە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە پەیوەندیدایە.
داواشی کرد قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا کە نزیکەی 30 ملیار دۆلارە کەمبکرێتەوە و ئەم پرسە بکرێتە کارتی گوشار بۆ سەر تورکیا.