رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت: نزیکەی 2000 سەربازی سووپای سووریا پەڕیونەتەوە نێو خاکی عێراقەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ نزیکەی 2000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە لە سنوورەکان هاتوونەتە نێو خاکی عێراق."
باسم عەوادی گوتیشی، "سەرجەمیان سەربازی سوپای سووریان و بە کەلوپەلە سەربازییەکانیانەوە بەرێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا هاتوونەتە خاکی عێراقەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت، "حکومەتی سووریا تائێستا داوای هیچ یارمەتییەکی سەربازی لە ئێمە نەکردووە و ئێمەش هیچ هەوڵێک بۆ دەستێوەردانی سەربازی لەو وڵاتە نادەین. رێگەش نادەین هیچ لایەنێک مەترسیی لەسەر ئاسایش و سەروەریمان دروست بکات."
لەبارەی سنوورەکانیشەوە گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا داخستووە و ئاسایشی ئەو ناوچە سنوورییانەمان بەتەواوی تۆکمە کردووە، هێزی پشتیوانی زۆریشمان ناردووەتە سنوورەکانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ