راوێژکارێکی سوودانی: رووداوەکانی سووریا کاریگەرییان لەسەر ئابووریی عێراق نابێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووریی، رایگەیاند، رووداوەکانی سووریا کاریگەرییان لەسەر ئابووریی عێراق نابێت و دەشڵێت بەرزبوونەوەی دۆلار کاتییە.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، رۆژی شەممە، 07-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئابووریی سووریا، ئابوورییەکی سزادراوە لەلایەن وڵاتانی وەک ئەمریکا و هەندێک وڵاتانی ئەورووپا، جگە لەوەش بەهیچ شێوەیەک عێراق پەیوەندی بانکیی لەگەڵ سووریا نییە".
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووریی دەڵێت: "بازرگانیی عێراق لە سووریا، زۆربەی بازرگانی لە رێگەی سنوورەوەیە، هەندێک کاڵا و بەرهەمی ساکارە، وەک بەرهەمی کشتوکاڵی".
سەبارەت بە کاریگەری رووداوەکانی سووریا بۆ سەر نرخی دۆلار لە عێراق، راوێژکارەکەی سوودانی گوتی: "رووداوەکانی ئێستا لە سووریان، نەک عێراق" و پێیوایە "رەنگە کێشەکانی سووریا کاریگەری بکاتە سەر هەندێک بازرگانی سنووریی ساکار، کە هەندێکیان پەیوەندییان بە کەرتی گەشتیارییەوە هەیە، رەنگە هەندێک کاریگەری سادە و ساکاری هەبێت، بەڵام کاریگەری گەورە دروست ناکات".
مەزهەر محەممەد ساڵح، جەختلەوەدەکاتەوە، بازاڕ هاوتەریب (رەش)، بەشێوەیەکی ئاسایی کاریگەر دەبێت بە رووداوە سیاسییەکان وەک ئەوەی لە وڵاتانی درواسێ روودەدەن، تاوەکو نرخی دۆلار بەرزببێتەوە.
ئەو راوێژکارەی سوودانی پێیوایە، ئەوانە سوومەندن یاری بە نرخی دۆلار دەکەن و بەرزی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە کاتییە، بەشێوەیەکی کاتی کەمێک نرخی دۆلار لە بازاڕ بەرزدەبێتەوە.
مەزهەر محەممەد ساڵح، جەختی لەوە کردەوە ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات، کاریگەری لەسەر ئابووریی عێراق نابێت. ئابووری عێراق دوورە لە ئابووریی سووریا. ئەو کێشانەی سووریاش نوێ نین، بەڵکو لە 2011وە بەردەوامن.
بەگوتەی حەسەن شێخ زینی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری عێراقی سووری، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە ملیارێک دۆلارە.