سوپاسالاری عێراق گەیشتە قائیم

07-12-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپاسالار و جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بە یاوەریی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتنە ناوچەی قائیم-ی سەر سنووری سووریا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، فەریق رووکنی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و فەریق رووکنی یەکەم قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش گەشتنە دەروازەی قائیم.
 
هەریەک لە یاریدەدەری سوپاسالار بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی هێزی وشکانی، ژمارەیەک سەرکردە و ئەفسەر باڵای یاوەری سوپا سالارن.
 
وەک راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەردانەکە لە چوارچێوەی بەردەوامی تەواوکردنی پلان و بەسەرکردنەوەی هەموو هێزەکانە، بۆ رووبەڕبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەک.
 
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
 
حکومەتی عێراق بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکەی رێکاری جیاوازی گرتووەتەبەر، لەنێویاندا دانانی دیواری کۆنکرێتی، پەرژینی بی ئاڕسی، تەلبەندکردن، کامێرای گەرمبین، تاوەری چاودێری، خەندەق بە قووڵی و پانی سێ مەتر، ساتری خۆڵ، بەکارهێنانی درۆن، زیادکردنی هێز، گەڕانی شەوانەی هێزەکان.
 
عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق، رۆژی 01-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەرەو ئەنبار بە درێژایی زیاتر لە 210 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی دانراوە، هەفتەی داهاتووش نزیکەی 100 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتی دادەنرێت."
 
حەیدەر کەرخی هەروەها گوتی: "لە سنووری رۆژئاوای عێراقیش لە ناوچەی قائیمی پارێزگای ئەنبار، بە درێژایی زیاتر لە 160 کیلۆمەتر و بەرزیی سێ مەتر دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دروستکراوە و دەگەیێندرێت بەو دیوارەی لە نەینەواوە درێژدەکرێتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە