دامەزرێنەری پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن لە بەغدا کوژرا

07-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی داعی، کە هاوکات پیاوێکی ئاینیی شیعەیە، لەناوچەی تاجیاتی بەغدا لەلایەن دوو چەکدارەوە کوژرا، سەرکردەیەکی ئەو حیزبەش دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هۆکاری تیرۆرکردنەکە نازاندرێت و نازانن کێ لە پشتییەوەیە". پۆلیسی تاجیش دەڵێت، "ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدا بووە لەلایەن دوو چەکدارەوە کراوەتە ئامانج و چەکدارەکان هەڵاتوون."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-12-2023، لە شەقامی ئیبن مەنزووری ناوچەی تاجیاتی بەغدا، دوو چەکدار کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، کەسێکیان بەناوی فازڵ مووسەوی کوشت کە دامەزرێنەری پارتێکە بە ناوی "ئیسلامی مەدەنی" و بەرهەڵستکاری حیزبە حوکمڕانەکانی دوای ساڵی 2003ـی عێراقە و بانگەشەی بۆ سنووردارکردنی میلیشیاکان و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کردووە، بەشێک لە شیعەکان و گرووپە چەکدارەکانیشن بە پیاوێکی "گومڕا" وەسفیان کردووە.
 
بنکەی پۆلیسی کەناری تاجی لە راگەیێندراوێکدا لەسەر رووداوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "کاژێر 2:14ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو چەکدار کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تاهۆ کردووە کە سێ کەسی تێدا بووە، دەستبەجێ کەسێکیان بەناوی فازڵ عەبدولحوسێن مەرسوومی، لەدایکبووی 1967 کوشتووە کە لەناوچەی غەدیر لە بەغدا نیشتەجێیە".
 

دەشڵێت، "دوو سەرنشینی دیکەی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون و یەکێکیان بەناوی سەمیع عەبدولڕەسوول خەیری، لەدایکبووی 1977 دواتر گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەشیان ناوی عیزەدین کامل حەسەن سەلمان زوهێرییە لەدایکبووەی 1977ـە. رووداوەکە بەپێی پۆلیسی لە شەقامی ئیبن مەنزوور بەرامبەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی تاجیات لە بەغدا روویداوە.
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دوای رووداوی تەقەکردنەکە گیراوە، دەردەکەوێت ئەو کەسەی کوژراوە لە تەنیشتەوە تەقەی لێکراوە و جامی ئۆتۆمبێلەکەی جێگەی 11 گوللـەی پێوەیە.
 
محەممەد عەبدوڵڵا بەیاتی، بەرپرسی نووسینگەی قەزای خاڵسی پارتی داعی، رۆژی پێنجشەممە، 7-12-2023، لەبارەی تیرۆرکردنی دامەزرێنەری حیزبەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا هۆکاری تیرۆرکردنەکە نازانین، ناشزانین ئەگەر لەم چەند رۆژ و ماوەیە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابێت، چاوەڕوانین پۆلیس زانیاریی تەواومان لەوبارەیەوە پێبدات."
 
فازڵ مووسەوی، لەلایەن بەشێک لە شیعەکانەوە بە "گومڕا" وەسفکراوە و لەساڵی 2009 لەگەڵ 13 کەس لە لایەنگرانی حیزبەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیکرا و ئەو کات وا بڵاوکرایەوە کە بڵاوکراوەیان لە دژی مەرجەعییەتی شیعەکان پێبووە و نازانن لەلایەن کێ و چ لایەنێکەوە پشتیوانی دەکرێن و گومان لەسەر رەوتەکەی و ئەو بیروباوەڕانەش هەیە کە بڵاوی دەکاتەوە.
 
عودەی خدران، قایمقامی ئەوکاتەی قەزای خاڵس کە ئەو پیاوە ئاینییەی لێ دەستگیرکرابوو، رایگەیاندووە: "ئەو بڵاوکراوانەی بەو کەسانە بووە، سەقامیگری و ئاسایش تێکدەدات و دەبێتە هۆی پشێوی، ئەو کەسەش سەرۆکایەتی رەوتێک دەکات لەلایەنی دەرەکییەوە پشتیوانی دەکرێت."
 
هەروەها بەوەش تۆمەتباری کردبوو کە "ئەو پیاوە رەفتاری سەیر دەکات و بەماوەیەکی کەم بڕە پارەیەکی زۆر و سامانێکی زۆری پەیداکردووە". 
 
فازڵ مووسەوی کێیە؟ 
 
ناوی تەواوی فازڵ مەرسوومی حوسێنی هاشمییە و لەدایکبووی 21-3-1967ـی پارێزگای دیالەی عێراقە. لەگوندی جدیدەی ئاغەوات لە قەزای خاڵس لە خێزانێکی لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی زمانی عەرەبیی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە. یەکێک بوو لەو کەسانەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دژی گرووپە سیاسییە تائیفییەکانە و دژی شەڕی نێوخۆیی وەستاوەتەوە. 
 
مووسەوی لەساڵی 2008 پارتی داعی دامەزراندووە. یەکێک بوو لەو کەسانەی دژی حیزبەکانی حوکمڕانی دوای ساڵی 2003 لێدوانی هەبووە و داوایکردووە چەک لەدەستی دەوڵەت بێت. نازناوی ئیمامی رەبانی لەخۆی نابوو. پارتی داعی واخۆی پێناسەکردووە کە پارتێکی ئیسلامیی مەدەنییە و بارەگای سەرەکیی لە بەغدایە؛ درووشمی پارتەکە " لەپێناو یەک ژیان بە یەک ئیسلام، بە یەک گرووپ بە کارکردن بە بیروباوەڕ."ـە. 
 
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت