پلاسخارت سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ سیستانی کۆدەبێتەوە

07-12-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق سەردانی نەجەفی کرد و لەگەڵ عەلی سیستانی کۆبووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 7-12-2022، جێنین پلاسخارت لە نەجەف لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆبووەوە.
 
لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سیستانی، جێنین پلاسخارت رایگەیاند، "لەگەڵ سیستانی باسمان لە گرنگی دانایی مەرجەعی باڵا و پاڵپشتیکردنی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە کرد." راشیگەیاند، "لە دیدارەکەمان لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق هیچ باسێكی سیاسی تێدا نەبووە." 
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق کۆبوونەوەی لەگەڵ سیستانی بە "رۆژێكی گەورە" ناوبرد و گوتیشی، "دیداری عەلی سیستانی بەهایەکی گەورەی هەیە." 
 
ئەمە یەکەم جار نییە پلاسخارت سەردانی سیستانی بکات؛ لە ساڵی 2020دا پلاسخارت بە سەردانێکی رانەگەیێندراو گەیشتە نەجەف و لەگەڵ سیستانی کۆبووەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پرسی سەرەکی گفتوگۆکان بوون. 
 
لە سەردانەکەی پلاسخارتدا میگێل مۆراتینۆس، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە بووە کە ئەرکی دانانی پلانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی پێگە ئاینییەکانی پێ راسپێردراوە. 
 
دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی سیستانی راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا "جەختی لە گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دوورکەوتنەوە لە رق و تووندوتیژی و گرنگیدان و رێزگرتن لە ئایینە جیاجیاکان و هەڵگرانی بیروبۆچوونە جیاوازەکان کردەوە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە