رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگا دیوانییە لە یەکەم رۆژى دەستبەکاربوونى فراکسیۆنەکەى بەجێهێشت و چووە نێو فراکسیۆنێکى دیکە.
رەحیم بدێرى، ئەندامى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیوانییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە فەرمى لە برى ئەندامێکى دیکەى ئەنجوومەن دەستبەکار بوو، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا گوتى: "بڕیارم داوە وەک ئەندامێکى سەربەخۆ بچمە نێو فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا."
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەن لە فراکسیۆنى هاوپەیمانى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى بوو، کە لەلایەن عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، چووە ئەو فراکسیۆنەوە کە نوورى مالیکى، ئەمیندارى گشتیى حيزبى دەعوە سەرۆکایەتى دەکات.
ئەحمەد ئەعرەجى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیوانییە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "رەحیم بدرێرى دوێنێ بە فەرمى سوێندى یاسایى خوارد وەک ئەندامى ئەنجوومەن، ئەمڕۆ چووە نێو فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا."
رەحیم بدرێرى شوێنى ساحیب جاسمى، ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیوانییەى گرتەوە کە لە فراکسیۆنى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى بوو، 3ى تشرینى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە فەرمى رەحیم بدێرى، وەک جێگرەوەى ئەو ئەندامە دیاری کرد.
ئەحمەد ئەعرەجى گوتى: "ئەندامەکەى پێشوو بە بڕیارى دادگە دوورخراوەتەوە، بەهۆى ئەوەى یاسای لێپرسینەوە و دادوەرى گرتوویەتییەوە."
ئەو یاسایە تایبەتە ئەو کەسانەى بەرپرسیارێتییان لە حیزبى بەعس هەبووە و ئەگەر ئاستى پلە و پۆستیان بەرز بووبێت، ناتوانن بەرپرسیارێتیى وەربگرنەوە.
بە گوێرەى ئەو حیزب گۆڕینە، لە کۆى 14 ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیوانییە، فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بووەتە چوار ئەندام و فراکسیۆنى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى یەک ئەندامى لەو ئەنجوومەنە ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ