لە دیالە ئۆتۆمبێلێک دەڕفێنرێت و شۆفێرەکەى دەسووتێنن
رووداو دیجیتاڵ
چەند کەسێک لە دیالە ئۆتۆمبێلێک بە شۆفێرەکەیەوە دەڕفێنن و دواى کوشتنى شۆفێرەکە و سووتاندنى جەستەى، ئۆتۆمبێلەکە دەدزن.
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بردنى ئەو ئۆتومبێلە بە شۆفێرەکەیەوە دوێنێ 6ى تشرینى دووەم روویداوە و رۆژی پێنجشەممە 7ى تشرینى دووەم سێ کەس بە تۆمەتى ئەنجامدانى ئەو کارە دەستگیرکراون.
عەمید هەیسەم شمەرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: قوربانییەکە و تۆمەتبارەکان هەموویان خەڵکى دیالەن، رووداوەکە لە سنوورى شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاکە روویداوە.
دەستگیرکردنى ئەو کەسانە لەلایەن تیمێکى هاوبەشی پۆلیسی دیالە و ئاژانسى هەواڵگرى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق بووە.
عەمید هەیسەم شمەرى گوتى: "12 کاژێر دواى رووداوەکە، ئەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریى رووداوەکە بەردەوامە و دواتر ئەنجامەکەى رادەگەیێندرێت."
بردنى ئۆتۆمبێلەکە لەسەر رێگەیەکى نزیک لە پێشانگەیەکى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل بووە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەدا بڕێک پارەی شۆفێرەکە بردراوە.