وەرزى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق مانگێک درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەرزى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق بۆ ماوەى 30 رۆژ درێژکرایەوە و پشوووەکەیان دواخست، بۆ ئەوەى لەم ماوەیەدا چەند پڕۆژە یاسایەک یەکلابکرێتەوە کە ناکۆکییان لەسەرە.
بڕیارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ى تشرینى دووەم، لە لایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراقەوە دەرکرا.
وەرزى دووەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق لە 9ى تشرینى دووەم کۆتایی دەهات، درێژکردنەوەکە لە هەمان رۆژەوەیە تاوەکو 9ى کانوونى یەکەمى داهاتوو.
6ى تشرینى دووەم، هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دوو رۆژ بەرلەوەش هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان داوایان کرد وەرزى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەى "چەند یاسایەکى گرنگ دەربکرێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارى ناوچەکە".
درێژکردنەوەى تەمەنى ئەم وەرزەى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق لە کاتێکدایە سێ پڕۆژەیاساى تایبەت بە کورد، شیعە و سوننە لە پەرلەمانن و لە قۆناخى دەنگدان پەکیان کەوتووە بە هۆى ئەوەى ناکۆکییان لەسەرە.
پڕۆژەیاساکان بریتین لە هەموارى یاساى بارى کەسى کە داواکاریى شیعەکانە، هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى داواکاریى سوننەکانە، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان کە بەهۆى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى پێشووى سەرکردایەتى شۆڕش دەستیان بەسەردا گیراوە، لە بەرژەوەندیى کورد و تورکمانە.
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەم ماوەیەى کە تەمەنى وەرزى یاسادانان درێژکراوەتەوە، ئەو سێ پڕۆەژە یاسایە تێدەپەڕێندرێن.
بەگوێرەى بڕگەى دووەمى مادەى 22ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق، هەموو ساڵێک پەرلەمان دوو وەرزى یاسادانانى دەبێت کە بە تێکڕا هەشت مانگە، لەکاتێکدا بەپێى بڕگەى دووەمى مادەى 58ى دەستوورى عێراق، پەرلەمان مافی هەیە وەرزى یاسادانان درێژبکاتەوە بەو مەرجەى کە سی رۆژ تێپەڕ نەکات.
سەباح حەبیب رایگەیاند، یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى ئەو درێژکردنەوەیە ئەوەیە کە ژمارەى دانیشتنەکانى ئەم وەرزە کەم بووە و دەبێت پڕبکرێنەوە.
ئەمە دووەم جارە لەم ساڵ دا پەرلەمان وەرزى یاسادانى خۆى درێژ بکاتەوە لە دواى ئەوەى 9ى ئایار بۆ ماوەى مانگێک تەمەنى درێژکردەوە بۆ تیپەڕاندنى خشتەى بودجەى 2024 .