پارێزگاری نەینەوا رەتکردنەوەی سکاڵای لابردنی 17 بەرپرس ئیداری تەمیز دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری نەینەوا، بڕیارەکەی دادگەی کارگێڕیی عێراق تەمیز دەکاتەوە، کە لەبارەی لابردن و دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگاکە داویەتی.
 
رۆژی 2ـی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد. کەسە لابراوەکان چوونە بەغدا و لە دادگەی کارگێڕیی سکاڵایان تۆمارکرد.
 
دادگەی کارگێڕیی عێراق، رۆژی سێشەممە 22-10-2024 سکاڵای قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لابراوەکانی نەینەوای رەتکردەوە، لە دەقی بڕیارەکە کە ئەوکات وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوت هاتووە، "دادگە بە رێککەوتن بڕیاری دا سکاڵاکە رەتبکاتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە".
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە دادگەی تەمیزی عێراق سکاڵای لەسەر ئەو بڕیارەی دادگەی کارگێڕیی عێراق تۆمارکردووە و داوای تەمیزکردنەوەی کردووە. 
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، هەموو چاوەڕێی دوایین بڕیاری دادگەی تەمیز دەکەن، چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی کورت بدرێت؛ چونکە بەشێوەیەکی ئاسایی بڕیاری دادگەی تەمیز لەبارەی ئەو جۆرە کەیسانە درێژە ناکێشێت و مانگێک تێناپەڕێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، محەممەد جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادگەی کارگێڕیی عێراق سکاڵای سەرجەم سکاڵاکارانی رەتکردووەتەوە. عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا پابەندکراوە فەرمانی کارگێڕی بۆ دەستبەکاربوونی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەربکات".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت و بەسەر دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەش دەبێت؛ هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، هاوپەیمانێتیی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.