لەتیف رەشید: 40%ى خاکى عێراق مەترسی بەبیابانبوونى لەسەرە

08-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاند، 40%ى خاکى عێراق مەترسی بەبیابانبوونى لەسەرە و ئاڵنگارى سەرەکى کە لە عێراق رووبەڕووى دەبنەوە کێشەى ئاوە. گوتیشى: "هەرگیز بە بیرماندا نەدەهات کە وڵاتى دوو رووبارەکە رووبەڕووى کەم ئاوى ببێتەوە." 
 
رۆژی دووشەممە 7ى تشرینى دووەمى 2022، لە کاتی بەشداریکردنى لە کۆنگرەى گۆڕانى کەشوهەواى نەتەوە یەکگرتووەکان - کۆپ 27 کە لە میسر بەڕێوەدەچێت لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق گوتى: "ئاڵنگارى سەرەکى کە لە عێراق رووبەڕووى دەبینەوە کێشەى ئاوە، ئەوە جێگەى سەرسوڕمانە، هەرگیز لە بیرماندا نەدەهات کە وڵاتى دوو رووبارەکە رووبەڕووى کەم ئاوى ببێتەوە، لەکاتێکدا کە بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ لافاو کێشەى سەرەکى بوو بۆ دانیشتووان و کشتوکاڵەکەى." 
 
لەتیف رەشید ئاماژەى بەوەش دا، ئەو قەیرانە لایەنە حکومییەکانى لە عێراق ناچار کردووە بە پەنابردن بۆ کەمکردنەوەى کشتوکاڵ لەو ناوچانەى کە پشت بە ئاودێرى دەبەستن، ئەوەش کاریگەریى لەسەر ژیان و بەروبوومى کۆمەڵگەى کشتوکاڵى عێراق و تەواوى دانیشتووانەکەى هەبووە. گوتیشى: "40%ى خاکى عێراق مەترسی بەبیابانبوونى لەسەرە." 
 
رۆژی  6ى تشرینى دووەمی 2022، کۆنفرانسی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە هاوینەهەوارى شەرم شێخ لە پارێزگاى سیناى میسر دەستیپێکرد.  
 
سەرۆککۆمارى عێراق گوتى: "خاکى هۆڕەکان کە لە سەردەمى دەسەڵاتى دیکتاتۆرى پێشوو وشککرانەوە و لە دواى 2003 هەوڵماندا بیژێنینەوە، بەمدواییە بۆ جارێکى دیکە رووبەڕووى وشکبوونەوە بووەوە بەهۆى کەمبوونەوەى بڕى ئاوى رووبارەکان، قەیرانەکە بەهۆى کەمبارانى وشکەساڵى چەند ساڵى رابردوو زیاتر بووە، بەهۆیەوە بەشێوەیەکى راستەوخۆ کەرتى کشتوکاڵ لێى زەرەرمەند بوون ئەوە کێشەکانى بەبیابانبوونى زیاتر کرد." 
 
بەگوتەى لەتیف رەشید، دەسەڵاتدارانى کەرتى ئاو لە عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران کاریان کردووە بۆ فەراهەمکردنى پشکێکى دادوەرانەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە