897 لوبنانیی دیکە گەیشتنە عێراق

رووداو دیجیتاڵ
 
هاتنی لوبنانییەکان بۆ عێراق بەردەوامە، ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەیان لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە گەیشتنە عێراق.
 
رۆژی دووشەممە 07-10-2024، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، کارمەندانی وەزارەتەکەیان بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە خێزانە لوبنانییەکان، کە روو لە عێراق دەکەن.
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، پێشوازیان لە 897 لوبنانی دیکە کردووە، کە لە رێگەی دەروازەی سنووری قائیم، هاتوونەتە نێو عێراق. هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکێش کردوون.
 
قائیم دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریایە و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور. 
 
تائێستا نزیکەی حەوت هەزار لوبنانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم لە سنووری پارێزگای ئەنبار و فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف گەیشتوونە عێراق.
 
زیاتر لە 1.2 ملیۆن خەڵکی لوبنان ئاوارە بوون. ئاوارەبوونی خەڵک بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلە بۆ سەر بەیرووت و باشووری لوبنان.