ئەمینداری گشتیی سەیدوشوهەدا: عێراق بەرەی یەکەمی پشتیوانییە لە لوبنان و غەززە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدوشوهەدای عێراق رەخنە لە ئیمارات و سعودیە دەگرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق بەرەی یەکەمی پشتیوانییە لە لوبنان و غەززە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدوشوهەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی تایبەت بە یەکەمین ساڵیادی هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بڵاوکردەوە کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی غەززە و دواتر شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.
 
بێ ئەوەی بەڵگەیەک بخاتەڕوو، وەلائی پێیوایە ئەو بۆمب و مووشەکانەی ئیسرائیل دژی غەززە و لوبنان بەکاریاندێنێت، بە پارەی سعودیە و ئیمارات کڕدراون. 
 
ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی ئێران دەڵێت، "ئەو بۆمبانەی قەوارەی داگیرکەر لە غەززە و بەیرووت بەکاری هێناون، کاریگەرییەکانیان هاوتای بۆمبە ئەتۆمییەکەی ئەمریکای شەڕەنگێزە کە لە ناکازاکی بەکاریهێنا،"؛ دەشڵێت ئەو بۆمبانە "بە پشتبەستن بە پارەی ئیمارات و سعودیە كڕدراون کە ئەو دوو وڵاتە پشتیوانیی داراییان دابینکردووە و پارەی پێ دەدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دڕندانە و سەرشێتانە تاوانەکانی بکات، کە ئەوەش وا دەکات دەسەڵاتدارانی ئەو شوێنە پشتیوانکارانە لە بازنەی بەرپرسیارێتیی راستەوخۆدا بن بەرامبەر ئەو خوێنە بێتاوانەی کە دەڕژێت و لە سزادان پارێزراو نابن."
 
لە بارەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە، وەلائی دەڵێت، "ئەو رۆژەیە کە کەمینەیەکی خاوەن ماف بەسەر زۆرینەی ستەمکاردا زاڵبوون. هەڵمەتی تۆفانی پیرۆز، لاوازی و بێدەسەڵاتی قەوارەی زایۆنیزمی بۆ هەموو جیهان ئاشکرا کرد."
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدوشوهەدا هاتووە، "پیرۆزبایی لە هێزەکانی موقاوەمە بەگشتی و موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەتایبەتی دەکەین بەبۆنەی ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانیان کە دڵی بڕوادارانی خۆشکرد و شکۆی قەوارەی زایۆنیزمی شکاند. وەک چۆن پێشتر حیزبوڵڵا بەرەی یەکەمی پشتیوانی غەززە بوو، ئێستا عێراق بەرەی یەکەمی پشتیوانییە بۆ لوبنان و غەززە."