وەزارەتی دارایی عێراق: سبەی لە هەولێر بەپێی دەستوور پرسە ئابووری و داراییەکان تاوتوێ دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری دارایی و شاندی هەرێمی کوردستان سبەی لە هەولێر کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوانیان 'بەپێی دەستوور' تاوتوێ دەکەن.
 
وەزارەتی دارایی عێراق پشتڕاستیکردەوە، رۆژی یەکشەممە (8-9-2024) شاندی وەزاریی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی پرسە دارایی و ئابوورییەکانی نێوانیان تاوتوێ بکەن. 
 
راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی سبەیدا باس لە "مافە دەستووریەکان"ـی هەرێمی کوردستان و، "پرسە هەڵپەسێردراوەکان"ـی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت. هەروەها دانوستاندن لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو میکانزمانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە، دەکرێت.
 
پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردبووەوە ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  رۆژی یەکشەممە لەگەڵ شاندەکەی حکومەتی فیدراڵی کۆدەبێتەوە. 
 
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بە بەشداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە، ئێوارەی ئەمڕۆ (7-9-2024) گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئامانج لە سەردانەکە "بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنە لە بوارەکانی ئابووری و دارایی"، هەروەها "چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە بەجۆرێک خزمەت بە گەلی عێراق بکەن."