نشینگەی عێراق: ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان ڤیزا وەردەگرن، بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی کار ناتوانن کار بکەن

07-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی و نشینگە و پاسپۆرتی عێراق لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەوانەی ڤیزایان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەو ڤیزایانە بە مانای ڤیزای کارکردن نایەن، بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقیش ناتوانن کار بکەن.
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 07-09-2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی و نشینگە و پاسپۆرتی عێراق کرد، "دوایین رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پێدانی ڤیزا بە سووریییەکان و مەرجەکانی وەرگرتنی نیشتەجێبوون چین؟ کرێی نوێکردنەوەی نیشتەجێبوون چەندە؟ ئەگەر سوورییەکان مافی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن، ئەو مەرجانە چین، کە دەبێت بگیرێنەبەر بۆئەوەی رێگەیان پێبدرێت لەنێوان پارێزگاکانی عێراق هاتووچۆ بکەن؟"
 
لە وەڵامدا بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی و نشینگە و پاسپۆرتی عێراق لە وەزارەتی ناوخۆ لە وەڵامدا گوتی، "پەیڕەوی کاری پێدانی ڤیزا گۆڕاوە، لە پێشکێشکردنی ئاساییەوە بووەتە پێشکێشکردنی ئەلیکترۆنی، بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەمانە دۆستانی سوورین، یاخود دۆستان و هاوڕێیانی هەر وڵاتێکن."
 
لیوا نەشئەت دەشڵێت، "میکانیزمێکی کارمان هەیە و پشتی پێدەبەستین لە پێدانی ڤیزای هاتنە ناوەوەی عێراق. ئەو جۆرە ڤیزایە چییە؟ رەنگە ڤیزای ئاسایی بێ بۆ پیاو و هاوژینەکەی، رەنگە ڤیزاکە فرەیی بێ بۆ خوێندکاران و خاوەن کار، جۆرەها ڤیزامان هەیە کە حەوت بۆ هەشت جۆرن، ئەوەش لە رێگەی سەکۆی ڤیزای ئەلیکترۆنی پێشکێش دەکرێن."
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی و نشینگە و پاسپۆرتی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "ئەوانەی ڤیزایان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتووە، ئەو ڤیزایانە بە مانای ڤیزای کارکردن نایەن. ئەگەر رەزامەندیی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نەبێت، مافی نییە لە هیچ شوێنێک کار بکات، لە هەرێمی کوردستان یان بەغدا، یاخود هەر پارێزگایەکی دیکە."
 
هەروەک راشیگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نشینگەمان هەیە، چالاکیی نایابی هەیە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە کە سەرپێچیی یاسا دەکەن. یاسا خاڵی یەکلاکەرەوەیە، بۆیە ڤیزا بەگوێرەی پێدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی دەدرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاری هەولێر لە وەرزی زستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

شەپۆلێکی باران عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

لە بەیانیی ئەمڕۆوە تەمێکی چڕ ژمارەیەک ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. سبەی باران دەستپێدەکات و رۆژی هەینی بارانەکە لە هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە.