ئاگر لە هۆتێلێکی کەربەلا دەکەوێتەوە و دوو کەس گیان لەدەستدەدەن


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە هۆتێلێکی شاری کەربەلا کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. بەرگریی شارستانیی کەربەلا دەڵێت، 20 کەس تووشی هەناسەتەنگی بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 07-09-2022، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەربەلا رایگەیاند، ئاگر لە هۆتێلی "کۆشکی جرش" لە ناوەندی شاری کەربەلا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو ژنی عێراقی و ئێرانین.
 
بەرگریی شارستانیی کەربەلا هۆتێلەکە بە پابەند نەبوون بە رێنماییەکان تۆمەتبار دەکات و دەشڵێت، بەهۆی ئاگرەکەوە 20 کەس تووشی هەناسەتەنگی بوون کە چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئاماژە بەوەش دەکات کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 42 کەس کە "میوانی نەتەوە جیاواز" بوون، رزگارکراون.
 
هۆتێلەکە شەش نهۆمییە و وەک بەرگریی شارستانیی کەربەلا دەڵێت، رووپۆشی دەرەوەی لە ئەلیکۆبۆن دروستکراوە کە پێچەوانەی رێنماییەکانە و ئەوە هۆکاری زوو بڵاوبوونەوەی ئاگرەکەیە.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، بەرگریی شارستانیی کەربەلا بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکات و دەڵێت، زیاتر لە 42 کەسیان رزگارکردووە و هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەوانی دیکەیش بەردەوامە. ئاماژە بەوەش دەکات کە لەنێو کارمەندەکانیشیان بریندار هەن بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەیان بکات.