رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەست دەکات بە قۆناخی دووەمی تۆمارکردنی ناوی کرێکاران لە بیمەی تەندروستی، لەو قۆناخەشدا نزیکەی 252 هەزار کرێکار بیمەیان بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024) نەجم عیقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قۆناخی دووەمی تۆمارکردنی ناوی کرێکاران لە خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی دەستپێدەکەین؛ بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا کردووە تاوەکو کارتی بیمە بە کرێکارانی تۆمارکراو بدات." گوتیشی، "تۆمارکردنی کرێکاران لە ماوەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات."
هاوکات عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، "دەستەی بیمە، کارەکانی خۆی لە قۆناخی یەکەمدا بەسەرکەوتوویی تەواو کرد، تێیدا 133 هەزار کەس تۆمارکران؛ لە قۆناخی دووەمدا نزیکەی 252 هەزاری دیکە بیمەیان بۆ دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگییان لەگەڵ ناوەندی داتای نیشتمانی لە سکرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە؛ بۆ تۆمارکردنی هەموو ئەو کەسانەی لە بیمەی تەندروستی سوودمەند دەبن.
یەكەم ئەزموونى کارکردن بە بیمەى تەندروستى لە مانگی 11ـی پار دەستیپێکرد.
بەگوێرەى یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2020 عێراق، ئامانج لە بیمەی تەندروستی کەمکردنەوەى قورسایی دارایی سەرشانى هاووڵاتییانە لە تێچووى چارەسەرى تەندروستى لە بەرامبەر بەشداریکردنى لە بیمەکەدا، لەهەمان کاتدا سەرچاوەى داهاتى وەزارەتى تەندروستیش زیاتر دەکات.
ئەو پارەیەى لە فەرمانبەران، کارمەندانى کەرتى تایبەت و هاووڵاتییان وەردەگیرێت بۆ بەشدارى لە پڕۆژەی بیمەکە لە 10 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات. بڕى لێبڕینى مانگانەش بۆ ئەو بیمەیە لە فەرمانبەران و کارمەندانى کەرتى تایبەت لەنێوان 1% بۆ 2.5%ـى مووچەکەى دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ