رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 300 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی شارەکانی عێراق تەرخانکراوە، بەڵام یەک داریش بە سەوزی نەماوەتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ئەندازەیی بۆ گەشەپێدان و ژینگەش پێی وایە، رووبەری سەوزایی عێراق 18٪ـیە و 32٪ـی لە رێژەی ستانداردی پێویست کەمترە.
باسم خەشان، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2003وە نزیکەی 300 ملیار دینار بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوز بۆ شارەکان و زیادکردنی سەوزایی تەرخانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا 1٪ـی پڕۆژەکە تەواونەکراوە و نەیانتوانیوە تاکە دارێکیش بە سەوزی بهێڵنەوە".
باسم خەشان دەڵێت، "کابینەکانی حکومەت لەژێر ناوی سەوزکردنی شارەکان جاروبار هەندێک داریان دەڕواند، بەڵام هیچ گرنگییان پێ نەدراوە و دوای ماوەیەکی کەم وشک بوون، چونکە مەبەستەکە تەنیا پارەخواردن بووە نەوەک خزمەتکردن. کەسیش ئامادە نەبووە لێپێچینەوە لەو گەندەڵییە گەورەیە بکات".
هاوکات د. محەممەد نەجیب، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەندازەیی بۆ گەشەپێدان و ژینگە بە رووداوی راگەیاند، "رووبەری سەوزایی لە عێراق 18٪ـیە؛ ئەو رێژەیەش بەراورد بە پێویستیی عێراق زۆر کەمە، چونکە وڵاتەکە پێویستی بە رێژەی 50٪ـی رووبەری سەوزاییە، چونکە بەبیابانبوون هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر داهاتووی ژینگەی عێراق".
زیادکردنی رووبەری سەوزایی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگە و کەشوهەوا دەبێت. محەممەد نەجیب دەڵێت، "ئەگەر سەوزایی زیادبکرێت، 3 سوودی سەرەکیمان پێدەگەیێنێت: ژینگەیەکی خاوێنمان پێدەبەخشێت، لە گۆڕانکاری کاریگەرییەکانی کەشوهەوا دەمانپارێزێت، رێگری تەواو لە بەبیابانبوون دەکرێت".
لەبارەی داهاتووی ژینگەی عێراق و مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان، ئەیاد عەبدولڕەزاق، مامۆستای کیمیای ژینگەیی بە رووداوی گوت، "زیادبوونی گازە زیانبەخشەکان و کۆچی دانیشتوانی دەرەوەی شارەکان بەهۆی بەبیابانبوونی خاکی ناوچەکانیان دوو مەترسی جیدین بۆ سەر ژینگە عێراق، جگە لەوەی کە ژێرخانی ئابووریش بەرەو وێرانی دەبات. کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ پەیوەستن بە مانەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە؛ بۆیە پێویستە حکومەت هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی بەبیابانبوون بدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ