پەرلەمانى عێراق گۆڕانکاری لە ماوەى سوێندخواردنى ئەندامەکانى دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق یاسایەک هەموار دەکات بۆ ئەوەى هەر پەرلەمانتارێک لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای یەکەم کۆبوونەوە سوێند نەخوات، ئەندامێتى لەدەست بدات.
 
رۆژی 7ى ئاب پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پێشنیازەیاسای هەموارى یاسای پەرلەمان و پێکهاتەکانى کرد. 
 
یەکێک لەو بڕگانەى هەموار دەکرێت، تایبەتە بە ئەندامێتیی پەرلەمانتارى نوێ کە هەر بەربژێرێکى سەرکەوتوو لە هەڵبژاردن دواى یەک مانگ لە یەکەم دانیشتنى پەرلەمان بەبێ پاساوێکى رەوا سوێندى دەستووریى نەخوات، کەسێکى دیکە جێگەى دەگرێتەوە.
 
هەر بەپێی پێشنیازەیاساکە، ئەگەر سەرۆککۆمار کە وەک بەربژێر لە هەڵبژاردندا ئەندامێتیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و لە ماوەی مانگێک دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى نوێ سوێند نەخوات، ئەندامێتیى پەرلەمان لە دەستدەدات و ئەو بەربژێرە جێگەى دەگرێتەوە کە دواى ئەو شایستەیە، ئەو مەرجە بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانیش بەهەمان شێوەیە کە ئەندامێتیی پەرلەمانیان نامێنێت ئەگەر لە ماوەى مانگێک دواى پێکهێنانى حکومەت سوێندى دەستوورى نەخۆن، ئەندامێتیی پەرلەمان بۆ کەسێکى دیکە لە دەست دەدەن کە دواى ئەوان شایستەن.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکێشکراوە بۆ چارەسەرى چەند کێشەیەک کە لەو یاسایەدا هەیە و چەند بڕگە و مەرجێکى بۆ زیاد کراوە کە پیشتر تێیدا نەبووە.
 
یاساکە ساڵى 2018 دەرچووە و ئەوە یەکەمجارە هەموار بکرێت، رێگرى دەکات لەوەى پەرلەمانتار لە هەمان کاتدا پۆستێکى فەرمى دیکەى هەبێت، بەڵام لە هەموارەکە هەڵاوێردى ئەوە کراوە کە پەرلەمانتار دەتوانێت ئەندامى رێکخراوى ناحکومى، سەندیکا و یەکێتییەکان بێت.
 
هەروەها دوو بڕگەى یاسای پێشوو لە بارەى خانەنشینى پەرلەمانتار لادەبرێت کە پێشتر هەبووە بەوەى کە ئەو پەرلەمانتارەى خزمەتى خانەنشینى دەیگرێتەوە، دەبێت 15 ساڵ خزمەت کەمترى نەبووبێت و 25%ـى مووچەکەى بۆ خانەنشینى دەبڕدرێت ئەگەر پەرلەمانتارێکیش نەگەیشتبێتە 50 ساڵ، نیوەى شایستەى خانەنشینى وەردەگرێت تاوەکو دەگاتە ئەو تەمەنە.
 
گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتى پەرلەمان بۆ لادانى پارێزگارەکان کراوە، کە ئێستا بە زۆرینەى رەها بێت، بەڵام بەپێی هەموارەکە دەبێتە زۆرینەی سادە.
 
ئێستا لادانى هەر پارێزگارێک پێویستى بە زیاتر 166 دەنگە، ئەو هەموارە وادەکات کە بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئامادەى دانیشتنى پەرلەمان متمانە لە پارێزگار وەربگرێتەوە لە دواى تەواوبوونى رێژەى ئامادەبوونى پەرلەمانتاران.