دادگەى باڵای فیدراڵیی عێراق دوو دەستەواژەى یاسای بودجەى لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان یەکلاکردەوە

07-08-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگای فیدراڵی بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دوو دەستەواژەى یاسای بودجەی گشتى لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى زانى، بەڵام تانەى سەر هەشت مادە و بڕگەى دیکەى یاساکەى رەتکردەوە. 
 
7ـی ئابى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دژى چەند مادەیەکى یاساى بودجەى گشتى تۆماری کردبوو.   
 
دادگەکە بڕیاریدا؛ دوو دەستەواژەى هەردوو مادەى 11 و 13ـى یاساى بودجە لە بەرژەوەندىی هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى لەقەڵەم بدات.
 
یەکێک لەو دەستەواژانەى دادگە بە نادەستوریى زانی، تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە رەزامەندیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە لە بڕگەى یەکى مادەى 11ـی بودجەدا هاتووە، بەوەش وەزارەتى دارایی عێراق لایەنى بەرپرس دەبێت لە ناردنی پشکەکە.   
 
دەستەواژەی دووەم لە بڕگەى حەوتى مادەى 13ـدا هاتووە، کە تایبەتە بە بڕیاردانى کۆتایی لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێککەوتن. لە سەر ئەو بنچینەیە، هەر کێشەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بواری بودجەدا لەلایەن لیژنەی هەردوو حکومەتەوە یەکلایی دەبێتەوە، نەوەک ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات. 
 
هاوکات دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاریدا بە رەتکردنەوەى تانەکانى حکومەتى هەرێمى کەوردستان دژى هەشت مادە و بڕگەى دیکەى یاسای بودجە.
 
سکاڵایەکە لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکرا بوو. ئەو بڕگە و مادانەى کە تانەى لێدابوون بریتى بوون لە: 
 
- بڕگەکانى یەکەم و دووەمى مادەى 11 کە تایبەتن بە دیاریکردنى بڕی شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.
 
- سێ خاڵى بڕگەى دووەمى مادەى 12 کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت و رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە بەگوێرەى پابەندى بە رادەستکردنى نەوت و داهات. 
 
- بڕگەى حەوتەمى مادەى 13 کە تایبەتە بە چۆنیێتى چارەسەرکردنى کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا؛ سکاڵاکە دژى ئەوە بوو کە ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا، لە پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە.
 
- خاڵى (ب) لە بڕگەى هەشتى مادەى 13 کە تایبەتە بە پارەدارکردنى یەکێک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە، ئەگەر کارى لەپێشنیەى خەرجکردنى بودجە بۆ مووچە و پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى پارێزگاکان نەبێت.
 
- لقی (ب)ـی خاڵى پێنجى بڕگەى یەکى مادەى دوو کە تایبەتە بە خەرجکردنى رێژەی 70%ـی داهاتى زیادەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ کورتهێنانى بودجە و خەرجکردنى 30%ـی ئەو زیادەى داهاتى نەوت بۆ شایستەى دارایی دواکەوتووی پارێزگاکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی دوای تەقینەوەکە.

لە بێجی تەقینەوەیەک روویدا و چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای بێجی سنووری پارێزگای سەلاحەدین، تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا و سێی دیکەش بریندار بوون.