دادگەى فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تایبەت بە یاسای بودجە کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، هەشت سکاڵا تاوتوێ دەکات کە دژى یاساى بودجەى گشتى تۆمارکراون؛ دوو لە سکاڵاکان لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە تۆمارکراون. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق کە یەکێکە لە سکاڵاکاران دەڵێت، "پێشبینی دەکەین سەرجەم سکاڵاکان یەکبخرێن و لەماوەیەکى کورتدا یەکلابکرێنەوە."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 7ـی ئابی 2023) دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق هەشت سکاڵا تاوتوێ دەکات کە دژى چەند بڕگە و مادەیەکى نێو یاساى بودجەى گشتیی عێراق تۆمارکراون.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەسەر سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە و تانەى لە بەشێک لە مادە و بڕگەکانى بودجە داوە، کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەدا، لەوانە:
 
- بڕگەکانى یەکەم و دووەمى مادەى 11، کە تایبەتن بە دیاریکردنى بڕی شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.
 
- سێ خاڵى بڕگەى دووەمى مادەى 12، کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت و رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە بەگوێرەى پابەندى بە رادەستکردنى نەوت و داهات. 
 
- بڕگەى حەوتەمى مادەى 13 کە تایبەتە بە چۆنیێتى چارەسەرکردنى کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا؛ سکاڵاکە دژى ئەوەیە کە ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا، لە پەرلەمانی عێراق یەکلابکرێتەوە.
 
- خاڵى (ب) لە بڕگەى هەشتى مادەى 13، کە تایبەتە بە پارەدارکردنى یەکێک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە، ئەگەر کارى لەپێشنیەى خەرجکردنى بودجە بۆ مووچە و پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى پارێزگاکان نەبێت.
 
- لقی (ب)ـی خاڵى پێنجى بڕگەى یەکى مادەى دوو، کە تایبەتە بە خەرجکردنى رێژەی 70%ـی داهاتى زیادەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ کورتهێنانى بودجە و، خەرجکردنى 30%ـی ئەو زیادەى داهاتى نەوت بۆ شایستەى دارایی دواکەوتووی پارێزگاکان.
 
هەرچى سکاڵاکەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقە، دژى بڕگەکانى 12 مادەى یاسای بودجەیە کە تایبەتن بە دەسەڵاتدان بە پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ وەبەرهێنەران، دەسەڵاتى پێدانى مۆڵەتی پێنج ساڵی بە فەرمانبەران بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵ بەشێوەیەک لە 50 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، لێبڕینى بڕێک پارە لە مووچەى فەرمانبەران، گرێبەستکردنى ئەنجوومەنی زانکۆکان لەگەڵ کەرتی تایبەت، راگرتنی دامەزراندن، کۆتاییهێنان بە پۆستى بەوەکالەت، دانەوەى قەرزى وەزارەتى داد، ئەوە جگە لە زیادکردنى چەند مادەیەکى دیکە.
 
رۆژی 12ـی تەممووزى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە شێوەیەکى کاتى جێبەجێکردنى شەش بڕگە و مادەى یاسای بودجە رابگیرێن تاوەکو سکاڵایەک لەو دادگەیە یەکلایی دەکرێتەوە، کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە دادگەکە تۆماری کردووە.
 
سێ سکاڵای دیکەیان لەلایەن سەرۆکى کۆمەڵەى هاریکارى مەنسوور بۆ نیشتەجێکردن، سەرۆکى لیژنەى کارەکانى یەکێتیى گشتیى هاریکارى، سەرۆکى یەکێتیى هاریکاریى بەغدا تۆمارکراون لەدژى بڕگەى حەوتى مادەى 20ـی یاسای بودجە و، داوا دەکەن جێبەجێکردنى رابگیرێت کە تایبەتە بە مامەڵەکردنى کۆمەڵەکانى هاریکارى بە زەوى و موڵکى دەوڵەت.
 
سکاڵاى شەشەم لەلایەن پارێزەر کەریم شجێرى تۆمارکراوە و داوا دەکات، مادەى 15ـی یاساى بودجەى گشتى لابدرێت، کە تایبەتە بە پاکتاوکردنى پێشینەکانى وەزارەتى دارایی.
 
سکاڵاى حەوتەم لەلایەن محەممەد خەفاجى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە لەدژى بڕگەیەکى مادەى دووى یاساکە، کە تایبەتە بە واژۆکردنى گرێبەستى راستەوخۆ لەلایەن پارێزگاکانەوە.
 
سکاڵاى هەشتەم لەلایەن رائید مالیکى، ئەندامى پەرلەمانى عێراقەوە تۆمارکراوە دژى هەشت بڕگە و مادەى یاسای بودجە، کە تایبەتن بە گرێبەستکردنى راستەوخۆ لەلایەن پارێزگارەکانەوە، گرێبەستەکانى وەبەرهێنان، سندووقەکانى هاوکارى و ئاوەدانکردنەوە، وەرگرتنەوەی پێشینەکانى وەزارەتى دارایی.
 
رائید مالیکى کە هاوکات ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراقە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشبینی دەکەن سەرجەم سکاڵاکان دژى یاسای بودجە یەکبخرێن و لە دانیشتنێکى دیکەدا بڕیارى کۆتایی لەبارەیانەوە بدرێت.
 
رائید مالیکى گوتیشى، "بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵى، کاتێکى زۆری لەبەردەستدا نییە بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکان. بڕیاردان لەبارەى ئەو سکاڵایانە لەسەر یاساى بودجە ئاسانە، چونکە بەراوردکردنى مادەکانى یاساکە بە مادەکانى دەستوور ئاسانە و پێشتریش دادگە لێکۆڵینەوەى لەبارەیەوە کردووە."
 
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دەبێت لە ماوەى 30 رۆژدا لە بڵاوکردنەوەى یاساى بودجە لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى، تانەکان لەسەر ئەو یاسایە پێشکێش بکرێن و دادگەش لەماوەى 30 رۆژدا تانەکە یەکلابکاتەوە.
 
یاسای بودجەى گشتى لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.