بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بەتایبەتی گورچیلە لە عێراق لە زیادبووندایە

07-08-2022
ئەنمار غازی
 سەنتەری چاندنی گورچیلە لە دهۆک. وێنە: رووداو
سەنتەری چاندنی گورچیلە لە دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بووەتە راستییەک نکۆڵیی لێناکرێت، بەتایبەت لە کۆمەڵگە هەژارەکاندا کە بێچارەیی پاڵ بە تاکەکانیەوە دەنێت بیر لە فرۆشتنی ئەندامێکی جەستەیان بۆ بەدەستهێنانی پارە بکەنەوە.
 
لە بەرامبەردا کەسانێک هەن کە پیشەیان بازرگانیکردنە بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، بەتایبەت فرۆشتن و کڕینی گورچیلە، ئەوەش لەڕێگەی پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ فرۆشیاران و کڕیاران؛ بۆیە تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێگەی لە چەندین مامەڵەی لەو شێوەیە گرتووە و دەیان قوربانیی رزگار کردووە، نوێترینیان کچێکە کە باوکی و براکەی دەیانویست گورچیلەیەکی بە هەشت ملیۆن دینار بفرۆشن.
 
عەمید ویسام زوبەیدی، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەڵێت، "ئەو تاوانەی کە لەم دواییەدا ئاشکرا کرا هەوڵی فرۆشتنی گورچیلەی کچێکی بچووک بوو لەلایەن باوکیەوە، ئەوەش دوای ئەوەی گورچیلەی کوڕە گەورەکەی فرۆشتبوو، بەڵام نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە دیوی کەرخ لە بەغدا ئەو کەسەی دەستگیرکرد. دواتر ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا نا. ئامارەکان وا بەرزدەبنەوە نەک تەنیا لە بابەتی روودانی ئەم جۆرە تاوانە، بەڵکو لە ئاشکراکردنیشیان... هەروەها، هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرهەمی باشی هەیە و رۆڵی کارای هەبوو لە وەستاندنی ئەم تاوانە."
 
هەرچەندە نەشتەرگەریی چاندن ئاڵۆزە و دۆزینەوەی کڕیاریش ئاسان نییە، بەڵام سەنتەرەکانی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە لە عێراق زۆرن. لە کاتێکدا، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە لە دهۆک دڵنیایی دەدات، کە ئەو سەنتەرانە بەپێی رێکارە یاساییەکان کار دەکەن.
 
د. شاکر باڵندی، بەڕێوەبەری سەنتەری چاندنی گورچیلە لە دهۆک دەڵێت، ئەوانەی دەچنە نەخۆشخانەکە بۆ چاندنی گورچیلە پشکنین دەکەن و دواتر رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی دهۆک ئەوانیش رەوانەی ئاسایشیان دەکەن و لەوێ دەبێت رەزامەندیی لە لیژنەیەک وەربگیرێت پاشان نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بەپێی دانپێدانانی ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دەکەن، نرخی هەر گورچیلەیەک لە بازاڕدا دەگاتە زیاتر لە 30 هەزار دۆلاری ئەمریکی. ئەمەش ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە لەنێو کۆمەڵگەی عێراق قورستر دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە