ناکۆکی دەکەوێتە نێوان حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق

07-08-2021
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەسەر دامەزراندنی کوڕی وەزیری بەرگریی عێراق بە فەرماندەی فەوجێکی حەشدی شەعبی، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان حیزبوڵڵای عێراقی و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق.
 
جەواد تڵێباوی، گوتەبێژی سەربازیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیی دەکات، لە تویتێکدا هێرش دەکاتە سەر ئەبو فەدەک محەممەداوی، سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی، کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی حیزبوڵڵا و دەڵێت: "پۆستی سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبیت وەرگرت تاوەکو ببیتە شوێنگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس؛ هەربۆیە بەرپرسیارێتیی گەورە لەسەر شانتە لە دەرکردنی بڕیاری دروست". 
 
جەواد تڵێباوی دەشڵێت: "بەوپەڕی راشکاوانە دەڵێم کە بڕیاری دامەزراندنی کوڕی ئەو کەسەی کە حەشدی پیرۆزی بەوە تۆمەتبارکرد، رۆڵێکی لاوەکی لە رزگارکردنی عێراق لەدەستی داعش هەبووە و تەنیا چل ئۆتۆمبێلی دۆشکە لەسەری هەبووە، دەکرێت لەلایەن سیاسییەکەوە دەربکرێت کە موجامەلەی گەندەڵکاران لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی عێراق بکات، نەک لەلایەن موجاهیدێکی خاوەن مێژووی وەک ئێوە". 
 
جەواد تڵێباوی بە ئەبو فەدەک دەڵێت: "تکا دەکەم مەکەوە ژێر کاریگەریی سیاسییەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵبدە خۆت کاریگەریت لەسەر سیاسییەکان هەبێت. داوا لە خودای گەورە دەکەم جارێکی دیکە دووچاری هەڵەی لەو جۆرە نەبیت".
 
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە لە 3/8/2021 دەرچووە و واژۆی عەبدولعەزیز محەممەدوای ناسراو بە ئەبوفەدک، سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی لەسەرە، عەبدولڕەحمان جومعە عناد سەعدون کراوەتە فەرماندەی فەوجی 4ی لیوای 51ی حەشدی شەعبی، کە ناوبراو کوڕی جومعە عناد، وەزیری بەرگریی عێراقە.   
 
دوای ئەوەی قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لە لایەن هێزێکی تایبەتی عێراقییەوە دەستگیرکرا و چەکدارانی حەشد هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز، جومعە عناد لە 29-5-2021 و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی " المربد"ی عێراقی رایگەیاند، "ئەوەی پێی وابێت لە پرۆسەی رزگارکردنی دژی رێکخراوی داعش بەبێ حەشدی شەعبی سەرکەوتن بەدەستنەدەهات هەڵە دەکات، بەڵکو بەشداریکردنی حەشدی پرۆسەکەی خێراترکرد. ئەگەر حەشد بەشداریی نەکردایە، ئەوا رەنگە پرۆسەکە 5 بۆ 6 ساڵی بخایاندایە، بەڵام بە بێ حەشدی شەعبیش، سوپا دەیتوانی کارەکە تەواوبکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.