دوای حەماس، حووسییەکانی یەمەن نوێنەرایەتی لە عێراق دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بزووتنەوەی حەماس، حووسییەکانی یەمەنیش لە بەغدا بارەگا دەکەنەوە، نوێنەری بزووتنەوەی ئەنسارولئیسلامی حووسییەکان لە عێراق سەردانیکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی دەکات و بەشداریی لە یادکردنەوەی 104 ساڵە هەڵگیرسانی شۆڕشی 20 لە دژی ئینگلیزەکان دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی، بزووتنەوەی ئەنسارولئیسلامی حووسییەکانی یەمەن لە ناوچەی جادرییەی بەغدا بارەگای پارتەکەیان کردووەتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو کردنەوەی بارەگای بزووتنەوەی حەماس لە بەغدا لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.
 
رۆژی هەینیی رابردوو، ئەبو ئیدریسی شەرەفی، نوێنەری حووسییەکان لە عێراق، سەردانی بارەگای پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی کرد و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا جگە لە پەسنی حەشدی شەعبی، سوپاسی گرووپەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی"ـی دەکات و دەڵێت: "سوپاسی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان دەکەین، لەکاتێکدا ئاڵنگاری و زەحمەتییەکان زۆرن، ئەمەش نیشانەی باوەڕیانە بە دۆسیەکەیان."
 
دەشڵێت: "ئێمە لەیەک دانابڕێین و هەموومان یەکین، هەرچەندە هەوڵی لێکدابڕانمان بدرێت ئێمە هەر یەکین و پێکەوە کاردەکەین و هیچ شتێک نامانهەژێنێت." 
 
حووسییەکان یەمەن و بە دیاریکراوی بزووتنەوەی ئەنسارولئیسلام کە پارتی سەرەکیی ئەو پێکهاتەیە لە رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوە، جگە لەوەی لەگەڵ سعودیە و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لەکێشەدان.
 
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، حووسییەکان هێرش دەکەنە سەر سعودیە و ئیسرائیل لە دەریای سوور و دەریای عەرەب، بەمەش هاتووچۆی کەشتییەکان لەوو ناوچانە 90٪ کەمیکردووە.
 
دوێنێ شەممە، نوێنەرەکەی حووسییەکانی یەمەن سەردانی پارێزگای موسەننای کرد. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو نوێنەرە میوانی بۆنەیەک بووە کە لە ساڵیادی 104 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی بیست لە دژی ئینگلیزەکان کە لەلایەن عەشیرەتی زەواڵم لە پارێزگاکە رێکخرابوو.
 
بەشێک لە هۆزەکان بە پیاهەڵدان و درووشم بەرزکردنەوەوە پێشوازی لە شاندەکەی حووسییەکان دەکەن.
 
ئەو سەرکردەیەی حووسییەکانی یەمەن کە نوێنەری عەبدولمەلیک بەدرەدین حووسی، سەرکردەی یەکەمی حووسییەکانە، لە گوتارێکدا لەو بۆنەیەدا گوتی، "ئێمە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەگەڵ شۆڕشدان، ئێمە و ئێوە لەم کاتەدا پێویستمان بە یەکخستنی گوتار و ریزەکانمان لە دژی ستەمکاران هەیە کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات."