سوننە و شیعەی عێراق لەسەر پشووی سەری ساڵی کۆچی ناکۆکن
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە لای سوننەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی تەممووز یەکەم رۆژی سەری ساڵی نوێی کۆچیی 1446ـە، بەڵام لای شیعەکانی عێراق سبەی یەکەم رۆژی سەری ساڵی کۆچییە.
دیوانی وەقفی سوننەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی تەممووزی بە یەکی مانگی موحەڕەمی ساڵی 1446 دیاریکرد، کە دەکاتە رۆژی کۆچکردنی محممەدی کوڕی عەبدوڵڵا "پەیامبەری ئیسلام" لە شاری مەککەوە بۆ مەدینە، دوای ئازاردانی لەلایەن بەشێک لە پیاوانی هۆزی قوڕەیش.
بەڵام دیوانی وەقفی شیعە و نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان، ئەمڕۆ یەکشەممەی بە تەواوکاری مانگی زەیلحیجە دیاریکرد و سبەی دووشەممە، 8ـی مانگی تەممووزی بە سەری ساڵی کۆچی دیاریکردووە.
ئەم جیاوازییەی سوننە و شیعەکانی عێراق، تەنیا لە دیاریکردنی رۆژانی جەژنی رەمەزان و قوربان نییە، بەڵکو سەری ساڵی کۆچی و زۆرینەی سەری مانگەکان دەگرێتەوە.
د. عەبدوڵلا دلێمی، گوتەبێژی دیوانی وەقفی سوننەی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری ئەو جیاوازییە ئەوەیە هەندێک تاوەکو ئێستا بۆ بینینی مانگ پشت بە چاو دەبەستن و هەندێکیشیان پشت بە ئامێر و کەرەستەی نوێ دەبەستن، کە ئێمە ئەمەی دووەممان هەڵبژاردووە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دیوانی وەقفی سوننە، بەشێک و لێژنەیەکیان بۆ دیاریکردنی مانگ لە وەقفەکەیان هەیە و هەموو مانگێک بۆ دیاریکردنی مانگ کۆدەبنەوە و گوتی: "بابەتەکە لەلای ئێمە شەرعی، یاسایی، فەلەکی و ئاینییە."
بەپێی یاسای پشووە فەرمییەکانی عێراق، یەکی موحەڕەم لە عێراق پشووە، ئەمە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممەی کردووەتە پشووی فەرمی، بەڵام لای شیعەکانی عێراق ئەم مانگە مانگی دڵتەنگی و ناخۆشییە، چونکە لەم مانگەدا و بە دیاریکراوی لە 10ـی موحەڕەم کە بە رۆژی عاشوورا ناودەبرێت، حوسێنی کوڕی ئیمامی عەلی چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلام و هاوەڵانی کوژراون.