رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، هەفتەى داهاتوو 150 خێزانى کەسوکارى چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە کەمپى جەدعە لە نەینەوا.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو 150 خێزانەى کە هەفتەى داهاتوو دەگەڕێندرێنەوە، ژمارەى ئەندامەکانیان زیاتر لە 650 کەسە".
کەمپى هۆل کەوتووەتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە و بەشی زۆری ئەوانەی لەوێن ژن و منداڵى چەکدارانى پێشووی داعشن.
عەلى جیهانیگر گوتى: "زۆرترین ژمارەى خێزانەکان کە ئەم ساڵ بە یەک کاروان گەڕێندرابنەوە 190 خێزان بووە. ئێستا زیاتر لە 900 خێزان لە کەمپى جەدعەن".
دواى گەڕاندنەوەى کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش بۆ جەدعە، پرۆسەى شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت بەرلەوەى بگەڕێندرێنەوە زێدى خویان.
نزیکەی 41 هەزار کەس لە کەمپی هۆل ماون و نزیکەی 20 هەزار کەسیان عێراقین. وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتوون تاوەکو 2027 هیچ عێراقییەک لەو کەمپە نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ