بەرگریی عێراق خولى ئەفسەران دەکاتەوە؛ 'پێشمەرگە دەتوانێت بەشدار بێت'

07-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى بەرگریى عێراق خولێکى ئەفسەران بۆ دەرچووانى زانکۆ لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکاتەوە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پێشمەرگەش دەتوانن بەشدار بن".
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە سەرۆکایەتى ئەرکانى سوپاى عێراق لە شەشى تەممووز ئاڕاستەى هێزە ئەمنییەکان کراوە، خولى ژمارە 88ى ئامادەکردن لە ئەکادیمى سەربازیى وەزارەتى بەرگرى دەستپێدەکات بۆ کارمەند و فەرمانبەران و پاسەوانى تایبەت.
 
کۆپییەکى ئەو نووسراوە ئاراستەى وەزارەتى پێشمەرگە، دەستەى حەشدی شەعبی و دژە تیرۆر کراوە. 
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "ئەو پێشمەرگانەی بڕوانامەى زانکۆیان هەیە، دەتوانن بەشدار بن بۆ ئەوەى پلەى ئەفسەر وەربگرن. پشکى کورد لەو خولە 12%ى ئەو کەسانە دەبێت، کە وەردەگیرێن."
 
خولەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە رۆژى یەکى تەممووزى 1997 بە دواوە لەدایک بوون، سەرۆکایەتیى ئەرکانى سوپاى عێراق داواى لەو دامەزراوانە کردووە ،کە نووسراوەکەى ئاراستە کردوون، لە 72  کاژێردا وەڵامیان بدەنەوە.
 
خولەکە شەش مانگ دەخایێنێت و لە بەغدا دەکرێت، دواتر شێوازى پێشکێشکردنى داواکارییەکان و ژمارە و کاتى دەستپێکردنى خولەکە رادەگەیێندرێت.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە