پێش کوشتنی کێ هەڕەشەی لە هیشام هاشمی کردبوو؟

07-07-2020
رووداو @Rudawkurdish
هیشام هاشمی
هیشام هاشمی
نیشانەکردن هیشام هاشمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوژرانی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری ئەمنیی و ستراتیژی عێراق و گۆشەنووسی رووداو لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی زەیونەی بەغدا کاردانەوەیەکی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە، بەشێک لەوانەی کە پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ هاشمی میلیشیا چەکدارەکان تۆمەتباردەکەن بە کوشتنی و دەڵێن، "میلیشیا چەکدارەکان پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە"، حکومەتی عێراقیش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
 
هیشام هاشمی، شەوی رابردوو (دووشەممە 06-07-2020) لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە چەکی بێدەنگ تەقەی لێکراوە، بەپێی ئەو دیمەنانەی لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتوون، هاشمی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پڕادۆی پێیە و دەگەڕێتەوە ماڵەوە، پێش ئەوەی دابەزێت چەکدارەکان بە سواری ماتۆڕەوە لەبەردەم ماڵەکەی چاوەڕێی دەکەن، دوای گەڕانەوەیشی بۆ ماڵەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی تەقەی لێدەکەن و گوللە بەر سەری و سکی دەکەوێت و دەکوژرێت.
 
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کە دوای کوژراونی قسەی بۆ رووداو کردووە دەڵێت، چوار کەس کە دوو ماتۆڕیان پێبووە شەش بۆ حەوت گوللەیان لێداوە و تیرۆریان کردووە. 
 
پەنجەی تۆمەت ئاراستەی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق دەکرێت لە نێویاندا کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی. یەکێک لە هاوڕێکانی لە توویتەری خۆی پۆستێکی کردووە و دەڵێت، "وەکو وەفایەک بۆ هیشام هاشمی، لە رێگەی شاردنەوەی بەڵگەکان بۆ رای گشتیی بێدەنگ و بەشدارنابم لە کوشتنی هاشمی، خوێنی هیشام بەرپرسیارێتی هەمووانە و دەبێت بێدەنگ نەبین لەئاست تاوانەکانیان و پێویستە بکوژەکان بەئارامی نەخەون". داواش لە کازمی دەکات بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵسێت.
 
چالاکڤانێکی عێراقی، ماوەیەک لە حەوزەی عیلمی نەجەف خوێندوویەتی و نزیک بوو لە موقتەدا سەدرەوە، ئێستا لە لەندەن دەژی رەخنە لە حیزبە ئیسلامییەکانی ئێستای عێراق دەگرێت، گرووپێکی هەیە بەناوی (مواتنییون) بەشداری کارایان هەبووە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق بەوەش ناسراوە کە رەخنەی تووند لە رۆڵی ئێران لە عێراق دەگرێت.
 
چالاکڤانەکە گفتوگۆیەکی نێوان خۆیی و هیشام هاشمی لە واتسئاپ بڵاوکردووەتەوە کە هاشمی پێی گوتووە،  کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق لە رێگەی کەسانی راستگۆوە هەڕەشەی کوشتنیان بۆ ناردووە، بەپێی شارەزایی خۆت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانە بکەم، هەر ئەوەندە و ئیدی بە تەلەفۆن قسە دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکان، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکڤان و رۆژنامەڤان هاتبوونە هەرێمی کوردستان، هیشام هاشمی گوتبووی، لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراقەوە ئاگادارکراوەتەوە بۆ ماوەیەک بەغدا جێبهێڵێت تاوەکو دۆخەکە هێوردەبێتەوە، چونکە ناوی لە لسیتێکدایە و دانراون بیانکوژن.
 
کەسوکارێکی هیشام هاشمی کە بۆ رووداو قسەی کردووە ئاماژە بەوە دەدات، کە هاشمی بۆ ئەوە هاتبووە هەولێر تاوەکو نزیک بێت لە میدیاکان و دووربێت لە هەڕەشەکان و بە ئازادی بتوانێت قسە بکات و پەیامی خۆی بە دەسەڵاتدارانی عێراق بگەیێنێت. 
 
کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق سەر بە حەشدی شەعبییە و نزیکە لە ئێرانەوە لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیسەوە دامەزراوە، بەڵام دوای رووداوەکە باڵیۆزخانەی  ئێران و حەشدی شەعبیش ئیدانەی کوشتنی هاشمییان کرد.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری هیشام هاشمی دەکات و دەڵێت، رێگەنادەین شەپۆلی دووەمی تیرۆر بگەڕێتەوە عێراق. هەروەها کازمی فەرماندەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی لەسەر کارلادا کە رووداوەکەی تێدا روویداوە.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆژنامەڤانە نزیکەکانی سەر بە حەشدی شەعبی وایان بڵاوکردووەتەوە کە داعش هیشامی کوشتووە، بەڵام  شارەزایان ئەو سیناریۆیە رەتدەکەنەوە، پێیان وایە داعش ئەو هێزەی نەماوە بتوانێت دزە بکاتە ئەو ناوچەیەی هاشمی تێیدا نیشتەجێبووە، ناوچەی زەیونە لە بەغدا کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی کەتائیبی حیزبوڵڵا چەندین بارەگای لەو ناوچەیە هەیە و ماڵی هاشمیش دوور نییە لێیانەوە.
 
چەند کاژێرێک پێش ئەوەی بکوژرێت لە کەناڵێکی عێراقی رەخنەی لەو گرووپانە گرت کە بەمووشەک پێگە دیپلۆماسییەکان دەکەنە ئامانج، پێی وابوو ئەو گرووپە یاخییانە تەحەدای دەسەڵاتی یاسا و هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەن، ئەو گرووپانە بەوە ناسراون کە بەردەوام هەڕەشە دەکەن و تەحەدای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەکەن.
 
هیشام هاشمی سوننە مەزهەب بوو، ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانی عێراق لە هەڵەبجە و هەورامان کاریکردووە، لە کاتی شەڕی داعشیش لە هەولێر راوێژی داوە بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
 
هیشام هاشمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرگری لە دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت دەکرد، پسپۆڕێکی ئەمنی متمانەپێکراو بوو، بەردەوام لە میدیا عەرەبی و جیهانییەکان و بەشێک لە زانکۆ و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جیهان پشت بە شیکارییەکانی بۆ رووداوەکان دەبەسترا، بەتایبەتی ئەو لێکۆڵینەوانەی پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانەوە هەبوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە