نووسینگەی سیستانی: 17ی مانگ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە

رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان رایگەیاند، رۆژی 17ــی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەوەش پێچەوانەی جەژنی رەمەزان، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی شیعە و سوننە لە عێراق جیاوازە و لە یەک رۆژدا نابێت.
 
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی جەژنی قوربانی ئەمساڵەوە رایگەیاند، رۆژی شەممە یەکەم رۆژی مانگی زیلحیجەی ساڵی 1445ـی کۆچییە، بەو پێیەش رۆژی دووشەممە، 17ـی حوزەیران، دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 06-06-2024 سعودیە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 16ـی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، هاوکات دیوانی وەقفی سوننەش بەدوایدا ئەو رۆژەی بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد.
 
رۆژی 10ـی نیسانی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک سوننە و شیعەکانی عێراق جارێکی دیکە پێکەوە جەژنیان کرد، دوای ئەوەی هەردوولا یەک رۆژیان وەکو یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرد.
 
ساڵی 2011، شیعە و سوننەکانی عێراق بۆ یەکەمجار پێکەوە جەژنی رەمەزانیان کرد، دواتر ساڵی 2016ش جارێکی دیکە لە یەک رۆژدا جەژنی رەمەزانیان دیاریکرد.