لە کۆنفرانسێکی دەستپاکی لە بەغدا جانتای مامۆستایەکی زانکۆ دەدزرێت

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زانکۆ و شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، لە کۆنفرانسێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، کە باسی گەندەڵیی تێدا کراوە، جانتاکەی لێدزراوە.
 
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، د.ئەحمەد عەدنان مەیالی، مامۆستای زانکۆی بەغدا کە شرۆڤەی سیاسیی و توێژینەوەی یاسایی هەیە و لە ژمارەیەک لە سەنتەری توێژینەوە ئەندامە و کار دەکات، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "رۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و پارێزگارەکان ئامادەی کۆڕبەندی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بووین کە دەستەی دەستپاکی سەرپەرشتی دەکات، بەڵام لە کاتی پشوودا جانتاکەم کە شتی کەسیی خۆمی تێدایە لەلایەن یەکێک لە ئامادەبووانی دەستەبژێرەوە دزرا."
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆڕبەندی یەکەمی ئەنجوومەن و دیوانی پارێزگاکان بەڕێوەچوون کە دەستەی دەستپاکی و دەستەی باڵای هاوئاهەنگی لەنێوان پارێزگاکان رێکیانخستبوو.
 
کۆڕبەندەکە بەناونیشانی: "تەواوکاریی رۆڵەکانی چاودێریی بنچینەیەکی سەرەکییە بۆ راستکردنەوە لەپێناو خزمەتگوزاریی باشتر و پەرەپێدانی بەردەوام."
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە شارەزا و پسپۆڕە لە فەلسەفە و بیری سیاسیی و دەیان توێژینەوەی لەو بوارە هەیە و لەسەر بابەتەکانی عێراق و هەرێمەکەی و نێودەوڵەتی لەنێویاندا شەڕی ئیسرائیل و حەماس و دۆخی غەززە و شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا توێژینەوە و گوتاری هەیە.