عێراق دوو لە تۆمەتبارانی دزیی سەتە دەگەڕێنێتەوە کە سێ تریلیۆن دیناریان بردووە

07-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە رێکارەکانی گێڕانەوەی دوو لە تۆمەتبارانی دزیی سەتە کردووە کە زیاتر لە سێ تریلیۆن دیناریان بردووە.
 
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند: "پرسی دزینی سپاردەی باجەکان ئێستا لەلای دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی، واتە سەرجەمی دۆسییەکە لەلای دادگەیە."
 
سەرۆکی دەستەکە رایگەیاندووە: کە "دەستەی دەستپاکی لەبارەی دۆسیەکەوە کاری زۆری کردووە و پێشکەوتنی باش بۆ گێڕانەوەی دوو لە تاوانبارانی دزیی سەتە کە دزینی سپاردەی باجەکان بوو بەدیهاتووە و ئەو دوو کەسە لە وڵاتێکن."
 
حەیدەر حەنوون لە درێژەی قسەکانیدا باسی هەوڵەکانیان و رێگرییەکانی بەردەمیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو تۆمەتبارە دەکات و دەڵێت: "زەحمەتی و دواخستنمان لە رێکارەکان هاتە پێش، داوامان لە سەرۆکوەزیران کرد دەستوەردان بکات، ئەو ئێستا بە تەواوی هەوڵ بۆ گێڕانەوەی ئەو دوو کەسە دەدات کە یەکێکیان دوو تریلیۆن و 600 ملیار دینار و ئەوی دیکەیان 500 ملیار دیناری بردووە."
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، هەر کاتێک ئەو دوو کەسە گەڕێندرانەوە ناویان ئاشکرا دەکرێت.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەوەی گەڕێندراوەتەوە لەو پارەیەی (لە دزیی سەتە) دزرا زۆر کەمە، بڕی زۆری نەگەڕێندراوەتەوە، بەرپرسی گەورەیان لە پشتەوەیە، پێویستە ئەم بابەتە لە سیاسەت دووربخرێتەوە و نەبێتە کەرەستەی هەڵبژاردن."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، زیاتر لە 20 کەس لەو دۆسیەیە تێوەگلاون و بەشێکیان چوونەتە دەرەوەی عێراق.
 
لە کۆتاییەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022، "دزیی سەتە" ئاشکرابوو، کە بریتی بوو لە "دزینی" 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لە سپاردەی باجەکان بۆ بەرژەوەندیی ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا، دوای بڵاوبوونەوەی دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرى نەوت لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت، کە پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقی کردبوو تێیدا باسی لە دزینی ئەو بڕە پارەیە کردبوو.
 
پارەکە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 تاوەکو ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە و دزییەکەش بە "دزیی سەتە" ناوى دەرکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت