هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەدایە


رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماڵی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە شاری بەغدا لە کۆبوونەوەدایە.
 
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کاژێر 1:00 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەدایە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا.
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لە ماڵی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت. لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەریەک لە فوئاد حوسێن، بەنگین رێکانی و شاخەوان عەبدوڵڵا بەشدارن." 
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، "گرنگترین تەوەر لە کۆبوونەوەکەدا یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەدا. بڕیارە راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە بدرێتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تا لیژنەی دارایی کۆبێتەوە و راسپاردەکان لەنێو بودجە جێ بکاتەوە. دواتر ئەو لیژنەیە پرۆژەیاساکە تەواو دەکات و رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکات." 
 
رۆژی 6ى حوزەیرانى 2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەى 8ى حوزەیرانى بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى.
 
بەگوێرەى خشتەکە، کۆبوونەوەکە کاژێر یەکى دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دەبێت.