دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک لە دژی راکان جبووری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵی وادەی تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایەی دیاریکرد کە لە دژی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت تۆمار کراوە، سکاڵاکارەکە داوا لە دادگەکە دەکات بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ کشانەوەی سەرجەم دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکانی.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی 21ی ئەم مانگەی وەکو یەکەم دانیشتنی تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە دیاریکرد، کە لەلایەن چالاکڤانێکی کەرکووکەوە بەناوی ئەحمەد مەحموود لهێبی لە دژی بەردەوامبوونی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لە پۆستەکەی تۆمار کراوە.
 
سکاڵاکار سکاڵاکەی لە دژی سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت تۆمارکردووە، داوا لە دادگەکە دەکات، "بڕیارێکی بەپەلە بۆ کشانەوەی دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکان لە راکان جبووری بەهۆی زیانگەیاندنی بە بەرژەوەندیی گشتی، دەربکرێت."
 
لەگەڵ ئەوەشدا لە سکاڵانامەکەیدا دەڵێت، "داوا دەکەم بۆشایی چاودێری و خزمەتگوزاری لە پارێزگای کەرکووک بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەنێکی پارێزگا پڕبکرێتەوە."
 
داواکاریی سێیەمی سکاڵاکارەکەش پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوونی راستییەکانە لەبارەی "رەوایەتی و یاساییبوونی مانەوەی پارێزگار لە پۆستەکەی و راییکردنی کارەکانی بە سەرجەم دەسەڵاتە دارایی و کارگێڕییەکانی لە نەبوونی ئەنجوومەنێکی پارێزگا."
 
ئەحمەد مەحموود لهێبی، بە رووداوی گوت، "نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵنەبژاردنی پارێزگاری نوێ لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بۆ ئێمە جێی گومانە، بەردەوامبوونی پارێزگاری بەوەکالەتیش لە نەبوونی چاودێرییە لەسەر کارەکانی، بەهۆی ئەو دواکەوتنی هەڵبژاردنی پارێزگارەوە پرۆژەکان راوەستاون، دامەزراندن نییە، گەندەڵیی زۆر هەیە و هیچ لایەنێک نییە چاودێریی بکات، هەموو ئەوانە گومانی دروستکردووە، بۆیە سکاڵاکەم تۆمار کردووە و داوا دەکەم مافی خەڵک بگەڕێتەوە."
 
سکاڵاکار دەڵێت، دوای تۆمارکردنی سکاڵا بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێکراوە، بۆیە بە ناچاری کەرکووکی بەرەو بەغدا جێهیشتووە.
 
ناکۆکیی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ساڵی 2023 لەسەر پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکە، وایکردووە راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە بوو بە پارێزگاری بە وەکالەت، لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.
 
رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کەرکووک نە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن کراوە، نە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردراون.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان هەیە.