رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی کاتی لە بەرژەوەندیی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی، راگرت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی دووی سیستەمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسەندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024ـی دا، ئەمەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داوایەی لە سکاڵایەکدا کردبوو.
دادگەی فیدراڵی لە نێوەڕۆکی بڕیارەکەیدا داوا لە کۆمیسیۆن دەکات تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە رابگرێت.
بڕگەی دووەمی مادەی دووی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 تایبەتە بە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان (100 کورسی) بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجە 3 کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ تەرخانکرابوو.
دادگەکە باسی کورسیی پێکهاتەکانی کۆتای نەکردووە (11 کورسی بوو)، کە بەپێی بڕیارێکی پێشتری دادگەکە لابرابوو و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەی دوێنێیدا داوایکردبوو بگەڕێندرێنەوە.
سکاڵاکە لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسیی پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان، تۆمارکراوە. داوا دەکات دادگەکە ئەو دابەشکارییەی کۆمیسیۆن کردوویەتی بە نادەستووری بزانێت و رێکارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێن.
دوێنێ یەکشەممە، 6ـی ئایاری 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی بریکارەکەیەوە پارێزەر "ئەیاد کاکەیی"، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد، کە پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە، یەکێکیان رێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکانە.
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ