کۆمپانیایەکی بیانی وردبینی لە داهاتی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەڵێ کۆمپانیایەکی بیانی بۆ وردبینی لە داهاتەکانی شەش ساڵی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە عێراق، دەستی بە کارەکانی کرد.
 
کۆمپانیای (KPMG)، چوارەم گەورە کۆمپانیای ژمێریاری و راوێژکارییە لە جیهان، بەپێی عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەکەی عێراق پشتبەستنیان بەو کۆمپانیایە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ گەرەنتیکردنی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی خۆدزینەوەیە لە باج لە کەرتی گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری، جگە لە گەرەنتیکردنی مافە داراییەکانی دەوڵەت.
 
کۆمپانیاکە لێکۆڵینەوەکانی لە داهاتەکانی ساڵانی نێوان 2017 تاوەکو 2022ـی ئەو کۆمپانیایانە دەکات، کە لە بواری گەیاندن لە عێراق کاردەکەن. سەرۆکی دەستەکە رایگەیاندووە "دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی کۆمپانیاکان ملکەچی یاسا و سیستمە داراییە کارپێکراوەکانی عێراقن."
 
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئایاری 2024، سەرۆکی دەستەکە و شاندێکی نوێنەرانی کۆمپانیاکە لە بەغدا کۆبوونەوە و پلانی خۆیان بە بەرپرسە عێراقییەکە گەیاند، کە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە داتا و زانیارییەکانی دارایی ئەو کۆمپانیایانە، دڵنیابوونەوە لە دروستیی رێکارە ژمێرکارییە پشتپێبەستراوەکان، رێکارەکانی چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرمانبەرانی کۆمپانیاکان، لەخۆدەگرێت.  
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەشێک لە کۆمپانیاکانی گەیاندن، سەرجەم ئەو داهاتانەی بەدەستی دەهێنن ئاشکرا ناکەن، بەشێکی بۆ خۆدزینەوەیە لە باج، دەستەی دەستپاکیی عێراقیش ئەمەی راگەیاندووە و لێکۆڵینەوەی لێکردووە، بۆیە هێنانی ئەو کۆمپانیایە بۆ وردبینییە لەو داهاتانەی ئەو کۆمپانیایانە بەدەستیان دەهێنن."
 
کۆمپانیای (KPMG) کۆمپانیایەکی هۆڵەندی-بەریتانییە، لە 143 وڵات کاردەکات و زیاتر لە 273 هەزار فەرمانبەری هەیە. یەکێکە لە دیارترین کۆمپانیاکانی بواری ژمێرکارییە.
 
لە عێراق سێ کۆمپانیای بواری مۆبایل هەن. بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە ساڵی رابردوو بڵاویکردەوە، 86٪ـی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە (ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 5 ساڵە) مۆبایل بەکاردەهێنن، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتیش لەو تەمەنەدا 79٪ بوو.