سوودانی: بانکە عێراقییەکان بە ئاراستەی دروست دەڕۆن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، مامەڵە داراییەکانی بانکە عێراقییەکان بە دۆلاری ئەمریکی "بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات."
رۆژی سێشەممە 7ی ئایار محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە شاندێکی یەکێتیی بانکە عەرەبییەکان کرد لە بەغدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "ئەو پرۆسەی چاکسازییە دارایی و ئابوورییەی کە حکومەت جێبەجێی دەکات، بەبێ سیستمێکی بانکیی تۆکمە نابێت، کە هاوئاهەنگی لەگەڵ جیهاندا نەبێت."
سوودانی دەڵێت، بانکەکانی عێراق لەسەر رێگەی دروستن لە مامەڵەکانی پەیوەست بە حەواڵەی دارایی، هەروەها هاوئاهەنگییان لە سیاسەتی دارایی و نەختیەنیی لەگەڵ بانکی ناوەندی بەردەوامە.
سوودانی گوتووشیەتی، "ئەو رێکارانەی حکومەت لە رابردوودا گرتنیەبەر، یارمەتیدەر بوون لە دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانی سیستەمی بانکی. کاریشمان کردووە بۆ چاککردنیان."
لە بەرامبەردا شاندی یەکێتی بانکە عەرەبییەکان ستایشی "رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراقی کردووە بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بەوەی رێوشوێنی روونن کە ئامانجیان پتەوکردنی کەرتی بانکییە."
عەلی تاریق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلیەکانی عێراق کە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە دەڵێت، "باسی پەرەپێدانی پەیوەندیی بانکە عێراقییەکان لەگەڵ بانکە عەرەبییەکان کراوە. ئەمە رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە نێوخۆی عێراقدا دەبێت."
رۆژی دووشەممە 6ـی ئایاری 2024، لە بەغدا کۆنفرانسی یەکێتی بانکەکانی عەرەب لەژێر ناونیشانی "ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بانکەکانی عەرەبی دەبنەوە لە پابەندبوون بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندییەکان بۆ خواستی بانکەکان" لە ژێر چاودێری بانکی ناوەندیی عێراق بەڕێوەچوو.